پێش بەشودانی كچ پێویستە ئیزنی لێ‌ وەربگیرێ
بەروار: 2010/05/24سەردارن: 2663نوسەر: كتێبی (ژن ومێردی ئیسلامی به‌خته‌وه‌ر)

پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی: ((لا تنكح الأيم حتى تستأمر ولا تنكح البكر حتى تستأذن. قالوا: يا رسول الله! وكيف إذنها؟ قال: أن تسكت)) رواه البخاري ومسلم.
واتە: ئەو ئافرەتەی كە بێوەژنە مارەی نابڕدرێ تا خۆی بڕیار نەدات، كچیش مارەیی دروست نییەو مارەی نابڕدرێ تا ئیزن و ڕەئی وەرنەگیرێ. گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا! ئیزنی چۆن لێ وەردەگیرێ؟ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموی: بێ دەنگیەكەی نیشانەی ڕازی بونیەتی.
((عن خنساء بن خذام: أن أباها زوجها بدون إذنها –وهي ثيب- فأتت رسول الله صلى الله عليه وسلم فردّ نكاحها)) رواه الجماعة إلاّ مسلم.
واتە: لە خەنسای كچی خوزامەوە كەوا باوكی بەبێ ئەوەی ئیزنی وەرگرتبێ بەشوی داوە كە بێوەژن بوە، جا هاتە لای پێغەمبەر تا سكاڵای لە لا بكات و ناڕەزایی دەرببڕێ، پێغەمبەریش مارەیییەكەی رەت كردەوەو بەتاڵی كردەوە.
لە عبدالله ی كوڕی بەریدەوە ئەویش لە باوكییەوە، گوتی: ((كچێك هاتە لای پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و بە پێغەمبەری وت: باوكم بەشوی داوم بۆ كوڕی براكەی، تا بەهۆی ئەم بەشودانەم دەنائەت و سوكایەتی لەسەر خۆی نەهێڵێ. پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم كچەكەی سەرپشك كرد كە ئەو بۆ خۆی خاوەن رەئییەو بەبێ رەئی كچەكە مارەیی بەتاڵە. بەڵام كچەكە گوتی: ئەوا مۆڵەتم بە باوكم دا، ویستم بۆ ئافرەتان بەدەركەوێ‌و بزانن باوكان شتیان بەدەست نییە))(*)( رواه حافظ العراقي ورجاله رجال الصحيح.)
----------------------------------------------
(*) ئیسلام كە مافی ئافرەتی داوە بە هەڵبژاردنی پیاوەكەی تاوەكو هاوسەرگرتنەكە لەسەر بناغەی خۆشەویستی دابمەزرێ‌، ئێمە ئامۆژگاری كچ دەكەین ئەم مافە بە جوانی بەكاربێنێ‌و مل كەچی سۆزی هاروهاج و شێتانە نەبێت و تەنها بەجوانی پیاو فریو نەخۆن، چونكە جوانی –وەك دەڵێن- شتێكی خواستراوەو نامێنێ‌، بەڵكە لەگەڵ كات دا بەرەو نەمان دەچێ‌. كەواتە لەسەر كچ پێویستە هاوسەری چاك و خۆڕازاوە بە ڕەوشتی پاك و هەڵس و كەوتی چاك و گوزەرانی ساغ و خۆشەویستی كاری جیدی و كاركردن هەڵبژێرێ‌، چونكە ڕەوشتی جوان فەزیڵەیەكی چەسپاوە كە لەگەڵ ڕۆژگاردا خۆشەویستی دروست دەكات و بەختەوەری بەردەوام دەڕەخسێنێ‌.
دەگێڕنەوە كچێكی دەشتەكی گەنجێك هاتە خوازبێنی و كچەكە بە جوانی كوڕەكە سەرسام بو، بیری لە ڕەوشت و رەفتاری نەكردەوە، باوكیشی ئامۆژگاری كرد كە بە كەڵكی ئەو نایەت، بەڵام كچەكە ڕازی نەبو، دیسان باوكی دوپاتی كردەوە كە بەم كوڕە ڕازی نیە، بەڵام كچەكە بە بڕیاری باوكی ڕازی نەبو، ئەوەبو شوی پێ‌كرد.. دوای تێپەڕ بونی مانگێك بەسەر هاوسەرایەتیان، باوكی سەردانی كرد لە ماڵەكەی خۆی، جا باوكەكە چەند نیشانەیەكی لێدان لەسەر جەستەی كچەكەی بینی كە لەلایەن مێردەكەیەوە لێ‌ی درابو، باوكەكەش خۆی لێ‌ بێ‌ئاگا كرد و لێ‌ی پرسی: كچەكەم حاڵت چۆنە؟ ئەویش خۆی وا پیشان دا كە باشە، باوكی پێ‌ ی گوت: ئەی ئەم شوێنی لێدانانە چییە بەسەر جەستەتەوە؟! جا كچەكەی ئینجا دەستی كرد بە گریان، گریانێكی زۆر وبەدەنگ، پاشان گوتی: باوكەگیان چیت پێ‌ بڵێم؟ من سەرپێچیم كردیت و ئەوم هەڵبژارد، بێ‌ئەوەی بیر لە بایەخ دان بە ڕەوشت و مامەڵەو هەڵس و كەوت باشی بكەمەوە.