پیاوی صاڵح بۆی هەیە كچەكەی بۆ پیاوی صاڵح بخاتە ڕو
بەروار: 2010/05/21سەردارن: 3107نوسەر: كتێبی (ژن ومێردی ئیسلامی به‌خته‌وه‌ر)

خـوای گـەورە دەفەرموێ: [وَلَمَّا وَرَدَ مَاءَ مَدْيَنَ وَجَدَ عَلَيْهِ أُمَّةً مِنْ النَّاسِ يَسْقُونَ وَوَجَدَ مِنْ دُونِهِمُ امْرَأتَيْنِ تَذُودَانِ قَالَ مَا خَطْبُكُمَا قَالَتَا لاَ نَسْقِي حَتَّى يُصْدِرَ الرِّعَاءُ وَأَبُونَا شَيْخٌ كَبِيرٌ، فَسَقَى لَهُمَا ثُمَّ تَوَلَّى إِلَى الظِّلِّ فَقَالَ رَبِّ إِنِّي لِمَا أَنزَلْتَ إِلَيَّ مِنْ خَيْرٍ فَقِيرٌ، فَجَاءَتْهُ إِحْدَاهُمَا تَمْشِي عَلَى اسْتِحْيَاءٍ قَالَتْ إِنَّ أَبِي يَدْعُوكَ لِيَجْزِيَكَ أَجْرَ مَا سَقَيْتَ لَنَا فَلَمَّا جَاءَهُ وَقَصَّ عَلَيْهِ الْقَصَصَ قَالَ لاَ تَخَفْ نَجَوْتَ مِنْ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ، قَالَتْ إِحْدَاهُمَا يَاأَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ إِنَّ خَيْرَ مَنْ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الأَمِينُ، قَالَ إِنِّي أُرِيدُ أَنْ أُنكِحَكَ إِحْدَى ابْنَتَيَّ هَاتَيْنِ عَلَى أَنْ تَأْجُرَنِي ثَمَانِيَةَ حِجَجٍ فَإِنْ أَتْمَمْتَ عَشْرًا فَمِنْ عِنْدِكَ وَمَا أُرِيدُ أَنْ أَشُقَّ عَلَيْكَ سَتَجِدُنِي إِنْ شَاءَ اللَّهُ مِنْ الصَّالِحِينَ، قَالَ ذَلِكَ بَيْنِي وَبَيْنَكَ أَيَّمَا الأَجَلَيْنِ قَضَيْتُ فَلاَ عُدْوَانَ عَلَيَّ وَاللَّهُ عَلَى مَا نَقُولُ وَكِيلٌ ]القصص:23-28. واتە: موسا كە هاتە سەر ئاوی مەدیەن، كۆمەڵێ‌ لە خەڵكەكەی دیت ئاو هەڵدێنجن، لەولای ئەوان دو ژنی دیت مەڕەكانی خۆیان دوردەخەنەوە، گوتی: ئێوە خەریكی چین؟ گوتیان: هەتا شوانەكان مەڕەكانیان لە ئاودانێ‌ نەهێننەوە، ئێمە مەڕی خۆمان ئاو نادەین، باوكی ئێمەش ئیختیارێكی لەكاركەوتەیە.. ئەوسا ئاوی بۆ هەڵێنجان، پاشان خۆی گەیاندە سێبەر، گوتی: ئەی پەروەردگارم! من پێویستیم بەو خێرە هەیە كە تۆ دەینێری.. جا یەك لەو دوانە –كە بە شەرمەوە دەڕۆیی- هاتە لای و گوتی: باوكم بانگت دەكا تا بۆ ئاوێ‌ كە بۆ ئێمەت هەڵێنجاوە كرێت بداتێ‌.. وەختێ‌ هات و روداوەكەی بۆ گێڕاوە، گوتی: ترست نەبێ‌، لە كۆمەڵی ستەمكاران رزگار بوی.. یەكێ‌ لەوان گوتی: باوە! بەكرێی بگرە؛ چاكترین رەنجبەر ئەوەیە كە بەتاقەت و جێباوەڕ بێ‌.. گوتی: من خەیاڵم وایە یەكێ‌ لەو دو كیژانەی خۆم بدەم بە تۆ، بەو مەرجەی هەتا هەشت ساڵان رەنجبەرم بی، ئەگەر دەساڵت بردەسەر كەیفی خۆتە و نامەوێ‌ زۆریت بۆبێنم، گەر خوا حەزكا زو دەزانی كە لە پیاوباشەكانم.. گوتی: ئەمە بڕیارێك بێ‌ لە نێوانی من و تۆدا؛ هەركام لەو دو ماوەیەم پەڕاند، نابێ‌ ناهەقیم لێ‌ بكرێ‌؛ خوداش لەسەر هەرچی دەڵێین بریكارە.
ئا بەو شێوەیە ئەم پیاوە بەرزە كچەكەی خۆی خستە ڕوی موسا عليه السلام و لە جەوێكی سادەدا شوكردنەكە تەواو بو. كە ئەو عادەت و نەریتە جێ ماوە ناشیرینەی كە ئێستا دەیكەن بۆیان ساز نەداو پارەیەكی هەرە زۆری تێ نەچو كە ببێتە بەربەست وبەرپەرچی ژن هێنان. كاتێك ئەم باوكە بەڕێزە زانی حەزرەتی موسا خاوەن دەست پاكیو داوێن پاكیو جوامێریو خاوەن هێزی جەستەیە لەگەڵ ئەوەی كە فەقیریش بو یەكسەر كچەكەی خۆی خستە ڕو و پێشكەشی كرد. ژن هێنانی پێغەمبەرو هاوەڵە بەڕێزەكانی گشتیان بەئاسانیو بەبێ بارگرانی ئەنجام درا، ئەو داب و نەریت و رێوڕەسمەی ئێستا كە خەڵك پێوەی سەرگەرمن لەڕاستیدا هەموی داب و نەریتی فیرعەونیەكانە بۆ ڕوخاندنی بنەمای خێزان و بەربەست دانان لەبەردەم ژن هێنان دا.
كاتێك كچەكەم بەشودا بەیەكێك لە پیاوچاكان مارەیییەكەیمان تەنها بە نوسین نوسی بەبێ وەرگرتنی مارەیی جگە لە كەمێكی نەبێت، یەكەم مەرج و دوا مەرجیشم ئەوە بو كە نابێ نە زێڕو نە شتی تری بۆ بكەن.
بەبۆنەی ئەوەی كە دەشێ پیاو كچەكەی خۆی بۆ پیاوی چاك و بەتەقوا بخاتە ڕو، ئەوا ئەم چیرۆكە واقعییە باس دەكەین، كە لە كتێبەكانی مێژو تۆمار كراوە:
((لە عبدالله ی كوڕی ئەبی وداعەوە كە گوتویەتی: من لە كۆڕو دانیشتنەكانی سەعیدی كوڕی موسەیەب ئامادە بوم، بەڵام چەند ڕۆژێك لە دانیشتنەكان ئامادە نەبوم، كاتێكیش چومە لای بۆ ئامادەبونی وانەكان پێ‌ی گوتم: لە كوێ بوی؟ منیش گوتم: خێزانەكەم ئەمری خوای بەجێ هێناوەو وەفاتی كردوەو منیش سەرقاڵی ئەمە بوم. ئەویش گوتی: دەبوایە پێت گوتباین تاوەكو یارمەتیمان بدایتایە؟! عبدالله دەڵێ: پاشان ویستم هەڵسم بڕۆم، سەعید پێی گوتم: بەنیازی ژن هێنان نی؟ منیش پێم گوت: رەحمەتی خوات لێ بێ! كێ كچ بەمن دەدا، من خاوەنی دو یان سێ درهەمم!
سەعید گوتی: من كچی خۆمت ئەدەمێ.
منیش گوتم: ئەوە بەڕاستتە پێم دەدەی؟!
سەعید گوتی: بەڵێ.
ئنجا گوتی: الحمد الله تعالی وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وصحبه، لەسەر دو درهەم یان سێ درهەم كچەكەمت لێ مارە كردم.
عبدالله دەڵێ: لە خۆشیا نەم دەزانی چی بكەم، گەڕامەوە ماڵەوە بیرم لەوە دەكردەوە لەكێ شت وەرگرم.. لە كێ قەرز كەم. پاشان نوێژی ئێوارەم كردو چراكەم داگیرساندو بەربانگم كردەوەو ویستم نان بخۆم، كە نان و ڕۆنی (زەیت) بو. ئا لەوكاتەدا لە دەرگا درا، گوتم: كێ‌یە؟ گوتی: سەعید.
دەڵێ: بیرم لە هەمو كەسێك كردەوە كە ناوی سعید بێ، تەنها سەعیدی كوڕی موسەیەب نەبێ. چونكە بۆ ماوەی چل ساڵ ڕێگای سەعید نێوان مزگەوت و ماڵەوە بو، كاتێك چومە دەرەوە بینیم ئەوا سەعیدی كوڕی موسەیەبە، گومانم برد كە پەشیمان بوبێتەوە، پێم گوت: باوكی محمد! بەدوامت بناردایە، خۆم دەهاتم بۆ لات. ئەویش گوتی: نا! تۆ شایستەتری كە بێینە لات. گوتم: چ دەفەرموی؟ سەعید گوتی: تۆ پیاوێكی بێ ژنیو تازە ژنت مارە كردوە، لەبەر ئەوە پێم باش نەبو ئەمشەو بە تەنهایی بەسەر ببەی، ئەوەش خێزانەكەت، كە لە دواوەی سەعید وەستا بو. كاتێك كە هێنایە ژورەوە دخولم پێی كرد بۆم دەركەوت كە جوانترین ئافرەتەو لە هەمو كەسێك زیاتر قورئانی لەبەرە و شارەزاترین كەسە لە سوننەتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هەروەها لە هەمو كەس زاناتر بو بەرامبەر بە مافەكانی پیاو.. عبدالملكی كوڕی مەروان داخوازی كچەكەی سەعیدی كوڕی موسەیەبی كرد بۆ كوڕەكەی كە ناوی وەلید بو، كوڕی خەلیفە بو. بەڵام سەعید ڕازی نەبو كچەكەی خۆی بەشو بدات بە كوڕی خەلیفە))!!
لێرەدا شتێك هەیە كە دەبێ بگوترێ، ئەویش ئەوەیە بۆیە سەعید یەكسەر بەبێ پرسی كچەكەی بە عبدالله ی گوت كچەكەمت پێشكەش دەكەم، چونكە كچە مسوڵمانەكەی كچێكی قورئان لەبەرو شارەزا بو، باوكی سەرپشك(مخیر) كردبو بۆ بەشودانی بە مەرجێ ئەو كەسەی داخوازی دەكات دەبێ بەتەقواو صاڵح بێ‌و خۆی بۆ خوا یەك لایی كردبێتەوە، با سەروەت و سامانیشی نەبێ. بەڵگەی ڕاستیەتی ئەوەش ڕەت كردنەوەی داخوازییەكەی عبدالملك بو بۆ كوڕەكەی كاتێك كە بە سەعید گوت: كوڕەكەم بەقەد كێشی كچەكەت خشڵ و زێڕی بۆ دەكات. بەڵام كچەكەی پێی ڕازی نەبو چونكە نەیدوەیست بەهۆی فێڵ و چەواشەیی خشڵ و زێڕو ماڵ و سامان و كۆشك و تەلارو خزمەتچی، خوای گەورەی لەبیر بچێتەوەو كەمتەر خەمی بكات لەخوا پەرستی. لەبەر ئەوە خستنەڕوی كچ بۆ پیاوی صالح تەنها پیشەی (سلف الصالح) نەبوە، بەڵكو لە هەمو چاخ و سەردەمێكدا پیاوی صالح كچی خۆی بۆ پیاوی بەتەقواو بە ڕەوشت خستۆتە ڕو.
یەكێك لە برادەران بۆی باس كردم كە ئیمامی مزگەوتی (حی میدان) لە دیمەشق ڕۆژێك لە كاتی خوتبەدا هانی گەنجانی دەدا بۆ ژن هێنان و هانی باوكانی دەدا مارەیی سوك و ئاسان بكەن. ئیمامەكە گوتی: من چەند كچێكم هەیە، هەر كەسێ دەیەوێ بیان خوازێ ئەوا من ئامادەم پێشكەشیان كەم بەبێ هیچ مەرجێك تەنها مەرجی دین و ڕەوشت نەبێ. دەڵێ: مانگێك تێپەڕی نەكرد تاوەكو هەمو كچەكانی بەشودا.
بوخاریو نەسائی دەگێڕنەوە كە عومەری كوڕی خەتتاب ڕەزای خوای لێ بێ گوتویەتی: كاتێك كە مێردی حەفصە مرد، بە عوسمانی كوڕی عەفان گەیشتم و حەفصەم خستە ڕو بۆ ئەوەی خوازبێنیو مارەی بكاتەوەو پێم گوت: گەر حەز دەكەی تا حەفصەی كچی عومەرت لێ مارە بكەم، عوسمانیش گوتی: با بزانم چۆن دەبێ.
چەند شەوێكی پێ چو، عوسمانم بینیەوەو بەهەمان شێوە پێیم گوتەوە، ئەویش گوتی: ژن ناهێنم. پاشان توشی ئەبو بەكر بوم و پێم گوت: گەر حەز دەكەی تا حەفصەی كچی عومەرت لێ مارە بكەم، ئەویش بێ دەنگ بو و بۆی نەگەڕایەوەو ئا بەو شێوەیە مایەوە، پاشان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم خوازبێنی كردو لە پێغەمبەرم مارە كرد.
ئەبوبەكر توشم بو و گوتی: رەنگە لە دڵت گران بوبێ كاتێك حەفصەت بۆ خستمە ڕو من نەگەڕامەوە. عومەر گوتی: بەڵێ. ئەبوبەكر گوتی: هیچ شتێك نەبوە بەربەست بۆ نەگەڕانەوە بۆ وەڵامی مارەبڕینی حەفصە. بەڵام من دەمزانی كە پێغەمبەر نیازی ئەو خوازبێنییە، بۆیە نەگەڕامەوە. حەزیشم نەكرد نهێنی پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم بدركێنم. بەڵام گەر پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم وازی لەو خوازبێنییە بهێنایە ئەوا مارە كردنی حەفصەم قبوڵ دەكرد.