چەند بەڵگەیەكی قورئانی لەسەر بە شیرك دانانی هاواركردنە غەیری خوا
بەروار: 2012/01/18سەردارن: 3947نوسەر: د. عبد اللطيف أحمد مصطفى

إن الحمد لله ، نحمده ، ونستعينه ، ونستغفره ، ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ، ومن سيئات أعمالنا ، من يهد الله فلا مضل له ، ومن يضلل فلا هادي له .
وأشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له .وأشهد أن محمداً عبده ورسوله .أما بعد

1. خوای گەورە دەفەرموێت: [ ومَنْ يَدْعُ مَعَ اللَّهِ إِلَهاً آخَرَ لا بُرْهَانَ لَهُ بِهِ فَإِنَّمَا حِسَابُهُ عِنْدَ رَبِّهِ إِنَّهُ لا يُفْلِحُ الْكَافِرُونَ](المومنون:117).
واتە: هەركەسێك لەگەڵ خوا هاواربكاتە پەرستراوێكی تر؛ كەهیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نیە لەسەر ئەم هاواركردنە ، ئەوا ئەو كەسەی كە لەگەڵ خوا هاواری كردە كەسانی تریش حیسابەكەی لای خوایە و خۆی موحاسەبەی دەكات ، وە حیسابەكەیشی ئەوەیە كە سەرفراز نابێت چونكە كافرە. وە كە ڕزگار و سەرفرازیش نەبوو ئەوا بە هیلاك چووە و جێگای دۆزەخە بە بەردەوامی ، پەنا بە خوا.
ئیمامی الشنقيطى (المفسِّر) لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا فەرموویەتی: ((قد بَيَّنَ أن حسابَه الذي عند ربِّه، لافلاح له فيه بقوله بَعْدُ (إنه لايُفْلِحُ الكافرون) وأعظم الكافرين كفراً هو من يدعو مع الله إلهاً آخر... ونفي الفلاح عنه يدل على هلاكه وأنه من أهل النار، وقد حذرنا الله من دعاء إلهٍ معه في آياتٍ كثيرة...)) تفسير ((أضواء البيان في إيضاح القرآن بالقرآن )) .
كەواتە: لەم ئایەتە قوڕئانیە دەركەوت كە هاوار كردنە غەیری خوا كوفرەو گەورەترینی كافران ئەو كەسەیە هاوار دەكاتە غەیری خوا لەگەڵ خوا. بەڵام بەداخەوە زۆر لە خەڵكی بە نەزانی هاوار دەكەن و دەڵێن:((یا محمد، یا غەوس)) هاوار !.
2. پەروەردگار دەفەرموێت: [ فلا تدع مع الله إلهاً آخر فتكون من المُعَذَّبين ] الشعراء (213).  واتە:لەگەڵ (الله) هاوار مەكە بۆ هیچ پەرستراوێكی تر ئەگینا لە سزادراوان دەبیت.
3. پەروەردگار فەرموویەتی: [ وَلا تَدْعُ مِنْ دُونِ اللَّهِ مَا لا يَنْفَعُكَ وَلا يَضُرُّكَ فَإِنْ فَعَلْتَ فَإِنَّكَ إِذاً مِنَ الظَّالِمِينَ] (يونس:106) .واتە: لەگەڵ (الله) هاوار نەكەیتە هیچ یەكێكی تر ، چونكە غەیری الله نە سوودت پێدەگەیەنێت نە زیان و هیچیان بە دەست نی یە، وە ئەگەر هاوارت كردە غەیری خوا ئەوا تۆ لە ستەمكاران دەبیت. كە زوڵمیان لە خۆیان كردووە بە شەریك دانان بۆ خوا.
4. پەروەردگار فەرمانی بە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم كرد كە بفەرموێت: [قُلْ إِنَّمَا أَدْعُو رَبِّي ولا أُشْرِكُ بِهِ أَحَداً قُلْ إِنِّي لا أَمْلِكُ لَكُمْ ضَرّاً ولا رَشَداً] (الجـن:20،21). واتە: بفەرموو: من تەنها هاوار دەكەمە پەروەردگارم، وە هیچ یەكێكی تر ناكەم بە شەریك بۆ پەروەردگارم لە هاوار لێ‌ كردن و داوا لێ‌ كردن و پەرستن بۆ كردن. [كەواتە هاواركردن و داوا لێ‌ كردن و پاڕانەوە عیبادەتە؛ جا ئەگەر هاوار بكرێتە یەكێكی تر جگە لە(الله)؛ ئەوە پەرستن و عیبادەت بۆ ئەو كەسە كراوەو كراوەتە شەریك بۆ خوا].
وە پەروەردگار ڕوونی كردۆتەوە كە ئەوەی هاوار دەكاتە غەیری خوا. گـومـڕاترین كەسـەو كەس لەو گومڕاتر نی یە ، چونكە ئەوانەش كە هاواریان دەكرێتێ‌ عەبدو بەندەو دروستكراون وەك خۆیان ـ لە دروست كراوێتیدا ـ وە هیچیان خالق و دروست كەر نین و خاوەنی هیچ موڵكێكیش نین و مردوون و زیندوو نین، وە ئاگاشیان لە هاواری خەڵكی نی یەو هاوارەكەیان نابیستن و، ئەگەر واش دابنێین بیستیان خۆ وەڵامیان نادەنەوەو بە فریایان ناكەون؛ چونكە هیچیان بە دەست نی یە بۆ خۆشیان جا چۆن دەتوانن سوودو زیانی خەڵكیان بەدەست بێت. وە ڕۆژی قیامەت ئەو پیاوچاكانەی (لە دونیا) هاواریان بۆ دەكرا دەبن بە دوژمنی ئەو كەسانەی هاواریان دەكردنێ‌ و لێیان بەری دەبن و بێ‌ باوەڕ دەبن بەو شیركەی كە ئەوانە كردوویانەو ڕازی نابن كەس لەگەڵ خوا هاواریان بكاتێ‌ و بیان كەن بە شەریك بۆ خوا؛ چونكە ئەوان خۆیان بە بەندەیەكی لاوازو بێ‌ دەسەڵات دەزانن لە ئاستی خواو لە خوا دەترسن و خەمی خۆیانە. وە هیچ كاتێك پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان خۆیان بە واسیتە دانەناوە لە نێوان خواو بەندەكانی: ئێستاش فەرموو بە وردی بیربكەرەوە لە مانای ئەم ئایەتانەی خوارەوە تا ڕاستی هەموو باسەكانت بۆ دەركەوێت تیایاندا:
5. [ والَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لا يَخْلُقُونَ شَيْئاً وهُمْ يُخْلَقُونَ أَمْواتٌ غَيْرُ أَحْيَاءٍ ومَا يَشْعُرُونَ أَيَّانَ يُبْعَثُونَ ] (النحل:20،21). واتە: ئەوانەی هاواریان دەكەنێ‌ هیچ شتێك دروست ناكەن بەڵكو خۆیان دروست دەكرێن. وە مردوون و زیندوو نین ، وە هەستیش ناكەن كەی زیندوو دەكرێنەوە !! كەواتە چۆن دەبێ‌ هاواریان بكرێتێ‌ ؟! كە ئەوە حاڵیان بێت ؟!.
6. [إِنَّ الَّذِينَ تَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ عِبَادٌ أَمْثَالُكُمْ فَادْعُوهُمْ فَلْيَسْتَجِيبُوا لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ] (الأعراف:194).  واتە: (ئەوانەی ئێوە دەیان پەرستن و هاواریان دەكەنێ‌ جگە لە(الله)، بەندەن وەكو ئێوە...). جا كەوابوو چۆن دەبێت هاوار بكەنە بەندەو بەندایەتی بۆ بكەن ؟!.
7.[قُلْ أَرَأَيْتُمْ مَا تَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ أَرُونِي مَاذَا خَلَقُوا مِنَ الآرْضِ أَمْ لَهُمْ شِرْكٌ فِي السَّمَاواتِ ائْتُونِي بِكِتَابٍ مِنْ قَبْلِ هَذَا أَوْ أَثَارَةٍ مِنْ عِلْمٍ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ. ومَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ يَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لا يَسْتَجِيبُ لَهُ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ وإِذَا حُشِرَ النَّاسُ كَانُوا لَهُمْ أَعْدَاءً وكَانُوا بِعِبَادَتِهِمْ كَافِرِينَ](الأحقاف:4-6) واتە: ئەی محمد، بە موشریكەكان بفەرموو: ئەرێ‌ خەبەرم دەنێ‌، ئەوانەی ئێوە هاواریان دەكەنێ‌ و دەیان پەرستن جگە لە (الله) نیشانم دەن، چیان دروست كردووە لە زەویدا ؟! یان شەراكەتیان هەیە لەگەڵ خوا لە دروست كردنی ئاسمان؟!، ئەگەر ڕاست دەكەن كیتابێكی ئاسمانیم بۆ بهێنن كە لە پێش قوڕئان هاتبێت یان لەو عیلمەی لاتانە بەڵگەیەكم بۆ بهێننەوە لەسەر ئەو واسیتە دانان و هاوار كردنەو، شەریك بۆ دانانی.
بێگومان هیچ وەڵامیان پێ‌ نی یەو بێ‌ بەڵگەو دەلیلن ، چونكە پەرستراوەكانیان خۆیان دروست كراون نەك دروستكەر بن ، وە هیچ كیتابێكی ئاسمانیش ڕێگەی نەداوە بە هاوار كردنە غەیری خواو پەرستنی غەیری ئەو. وە ئەو واسیتە دانان و، غەیری خوا پەرستنە دینێكی داهێنراوی موشریكەكانە، نەك دینی دێرینی پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و موسڵمانانی پێشوو بێت. بۆیە پەروەردگار خۆی حوكمی بەسەر ئەو دینەی موشریكەكان دا، لە شێوەی پرسیار ئاشكرای كرد كە هیچ كەسێك گومڕاتر نی یە لەو كەسەی كە هاوار دەكاتە غەیری خوا ، لە حاڵەتێكدا كە ئەو هاوار لێكراوە هیچ وەڵامێكی ناداتەوە تا ڕۆژی قیامەت. وە نەك تەنها وەڵام نەدانەوە بێت، بەڵكو هەر بێ‌ ئاگاشن لەو هاوار لێكردنەی موشریكەكان ، چونكە یان غاییبن وەیان مردوون وەیان بەردوو دارو بت و سەنەمن. وە كە ڕۆژی كۆكردنەوەی خەڵكیش هات (یوم الحشر) لە ڕۆژی قیامەت لەو ڕۆژەدا هاوار لێكراوەكان دەبن بە دوژمنی هاواركەرەكان و دەڵێن خوایە بەبێ‌ فەرمانی ئێمە، ئێمەیان داناوە بە شەریك بۆ تۆ، ئێمە بەرین لێیان و دوژمنیانین ، چونكە ئەوانە هاوبەش پەیداكەر بوون و ئێمەش تەنها تۆمان دەپەرست، وە هەروەها بێ‌ باوەڕو ناڕازین بەو عیبادەت و هاواركردنەی بۆ ئێمەیان كردووە لە دونیا: [وكَانُوا بِعِبَادَتِهِمْ كَافِرِينَ] كەواتە هاوار كردنە غەیری خوا عیبادەت كردنیەتی. وە لەو ئایەتانەدا دەركەوت كە پێغەمبەران (علیهم الصلاە والسلام) و پیاوچاكان ڕۆژی قیامەت دەبن بە دوژمنی ئەوانەی لە دونیا هاواریان دەكەنێ‌. وە شەفاعەتیان بۆ ناكەن !!.
8- [ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبُّكُمْ لَهُ الْمُلْكُ والَّذِينَ تَدْعُونَ مِنْ دُونِهِ مَا يَمْلِكُونَ مِنْ قِطْمِيرٍ. إِنْ تَدْعُوهُمْ لا يَسْمَعُوا دُعَاءَكُمْ ولَوْ سَمِعُوا مَا اسْتَجَابُوا لَكُمْ ويَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكْفُرُونَ بِشِرْكِكُمْ ولا يُنَبِّئُكَ مِثْلُ خَبِيرٍ] (فاطر:13،14) واتە: ئەو (الله) یە پەرستراوو پەروەردگارتانە، كە موڵك هەمووی بەدەست ئەوە. بەڵام ئەوانەی كە ئێوە دەیان پەرستن و هاواریان دەكەنێ‌ جگە لە (الله) هیچ موڵكیان نی یە بە ئەندازەی توێكڵە تەنكە سپییەكەی دەوری ناوكە خورماش، وە ناش بیستن چونكە یان بێ‌ گیانن، وەیان گیان لەبەرێكی غاییب و نا مەوجودن، وەیان مردوون و لەناو گۆڕن و ژیانی دونیایان نەماوە. وە ئەگەر واش دابنێین دەبیستن هەر ناتوانن وەڵامتان بدەنەوە چونكە دەسەڵاتیان نیەو بێ‌ توانان لە هێنانی سوودو لادانی زیان بۆ خۆشیان نەك هەر بۆ غەیری خۆیان !! كەواتە یەكێك نە موڵكی هەبێت وە نەبیستێت وە نەتوانای وەڵام دانەوەی هەبێت چۆن هاواری بكرێتێ‌ سەربەخۆ، یان بكرێ‌ بە واسیتە لای خوا ! وە هیچ لەو پەرستراوانەش كە هاواریان دەكەنێ‌ جگە لە خوا وەك پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و فریشتەكان ڕازی نین بەوە كە هاواریان بكەنێ‌ و بیان كەن بە شەریك بۆ خوا؛ بۆیە ڕۆژی قیامەت بەڕائەت دەكەن لەوەی كە ئەوانتان دانابوو بە شەریك بۆ خوا: [إِنْ تَدْعُوهُمْ لا يَسْمَعُوا دُعَاءَكُمْ وَلَوْ سَمِعُوا مَا اسْتَجَابُوا لَكُمْ وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكْفُرُونَ بِشِرْكِكُمْ](فاطر:14).
كەواتە [ هاوار كردنە غەیری خوا شیركە] وەك لەم ئایەتەدا دەركەوت.
بەڵام بەداخەوە نەفامەكان هەر بە چاكی دادەنێن و باوەڕ بەو خەبەرەی خوا ناكەن و دەڵێن: پیاوچاك هەر دەبیستێت ئەگەر غاییب یا مردووش بێت. وە لەوەش زیاتر دەشتوانێت ئێستا شەفاعەتمان بۆ بكات لای خواو وەڵامیشمان بداتەوە!!.
جا ئایا كەسێك تۆسقاڵێ‌ عیلم وعەقڵی هەبێت دوای بیستنی ئەم ئایەتانە جارێكی تر هاوار دەكاتە غەیری خوا، یان دەڵێت دروستە هاواریان بكرێتێ‌؟!.
بەڵام بەداخەوە نەفام و بێ‌ ئاگایان ناگەڕێنەوە بۆلای سەرچاوەی ئیسلامەتی كە قوڕئان و حەدیسەو ناچنە خزمەتیان بۆ تێگەیشتن لێیان (تدبّر) و ئیش كردن پێیان. بەڵكو بەشیان لە قوڕئان خوێندن تەنها بۆ مردووانە لەسەر تەعزیە، نەك بۆ زیندووەكان. وە ئەگەر بێت و لە كتابی نوسەرێكی باوەڕ پێكراوی خۆیاندا نوسرابێت دروستە هاوار بكرێتە پیاوچاكان، ئەوە باوەڕ بەو دەكەن، بەڵام باوەڕ بە كەلامی خوا ناكەن، وە قوڕئان و حەدیس دەخەنە پشت گوێ‌ و، مانای ئایەتەكانی دەگۆڕن و تەحریفی دەكەن بەناوی تەفسیرو لێكدانەوەو تەئویل و مەجاز. وە چەندان شوبهە دەهێننەوە، بۆ ڕەت كردنەوەی مانای زاهیری ئەم ئایەتە قوڕئانیانە.

والحمد لله رب العالمين