چۆن ئەمن و ئاسایشی وڵات بپارێزین و چارەسەری ئەم خوێن ڕژاندنە بكەین ؟
بەروار: 2011/04/10سەردارن: 2813نوسەر: د.عبداللطيف أحمد

ئاشكرایە كە بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتماندا دەسكەوت و كۆشش و ماندوبوونی هەموو دڵسۆزانی میللەتی كوردە بە كاربەدەستان و هاوڵاتیانەوە ، بۆیە پارێزگاری كردن لە ڕەوشی هێمنی و ئارامی وڵات و گەلەكەمان لە سەر دوو لایەن پێویستە:
[لایەنی یەكەم : كاربەدەستان كە ئەركی سەرشانیانە پارێزگاری بكەن لەم نیعمەتی ئاسایشەی وڵات، وە (ئامۆژگاری و پێشنیار بۆیان) بریتیە لە ]
1ـ كاربەدەستان بە خۆیاندا بچنەوە و بگەڕێنەوە لای خوا بۆ ئەوەی خواش لەگەڵیان بێت و بیانپارێزێت، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ] [محمد:٧ ] . واتە: ئەی ئەو كەسانەی ئیمان و باوەڕتان هێناوە, ئەگەر ئێوە خوا سەر بخەن واتە پشتیوانی لە ئاینی خوا بكەن و هەوڵی سەركەوتنی بدەن, ئەوا خوایش پشتیوانی لە ئێوە دەكات و سەرتان دەخات و پایەدار و جێگیرتان دەكات.
كەوابوو پێویستە كاربەدەستانمان ئاوڕێك لەخوا و ڕۆژی دوایی بدەنەوە و مردن و ناو گۆڕیان بێتە یاد و خۆیان چاكتر بكەن و لە خۆیانەوە دەست پێ‌ بكەن بە چاك سازی ئەم هەموو دەسەڵات و خێر و بێرەی كە لە بەردەستیانە لە خواوەی بزانن نەك لە شان و بازووی خۆیان، وە نەك بە هی بێگانەی دابنێن!!
* سوێند بە خوا ئەگەر وا نەكەن با بزانن توڕەیی خوا زۆر ترسناك و گەوریە و خوای گەورە دەتوانێت لە كەمترین ماوەدا لەسەر كورسی دەسەڵات لایان دەبات هەر وەكو چۆن فڵان و فڵان سەركردەی والێكرد و دوای زەلیل كردنیان خەڵكیش نەفرەتیان لێ دەكەن نەك ڕەحمەت .
* وە هەروەها باهەوڵی چاكردنی یاساكانی وڵات بدەن و هەریاسایەك پێچەوانەی حوكمی خوا بێت با نەیهێڵن، وەك زیادەی سولفەی عەقار و كۆمپانیای دڵنیایی، وە لە خوا بترسن و باچاك بزانن كە هەر وەكو چۆن زەوی و خۆر و ئاسمان و ئاو و هەوایەكەی بۆ هەموو سەردەمێكە و ناگۆڕێت و كۆن نەبووە بەهەمان شێوەش شەریعەتەكەشی بۆ گشت سەردەمیك و بۆ گشت گەلێكە و كۆنەپەرستی و دواكەوتویی نیە و گەڕانەوە نیە بۆ سەردەمی دێرین !!
وە خوای گەورە فەرموویەتی :[ وَلَو أنَّهُمْ فَعَلُوا مَا يُوعَظُونَ بِهِ لَكَانَ خَيْراً لَهُمْ وأَشَدَّ تَثْبِيتًا وَإِذًا لَآتَيْنَاهُمْ مِنْ لَدُنَّا أَجْرًا عَظِيمًا وَلَهَدَيْنَاهُمْ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا] [النساء :66-68] . واتە:ئەگەر بە پێی ئامۆژگاری و فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەر رەفتاریان كردبا و ئەم فەرمانەیان ئەنجامدابا بۆ دنیا و قیامەتیشیان چاك دەبوو و باوەڕیشیان پتەوتر دەبوو ، ئینجا ئێمەش بۆ خۆمان پاداشتێكی گەورەمان پێ دەبەخشین ، ئەوساش بە تەواوی ئەمانخستنە سەر رێگەی راست و لە سەری دامەزراومان ئەكردن .
* وە پێویستە كاربەدەستانمان دادپەروەربن و بەدەنگ كێشەی گەلەكەیانەوە بێن، نەك تەنها لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا قسەی لوس و قەڵەو و وەعدی زل بە خەڵكی بدەن و دوایی لێیان بێمنەت بن !!
كەوابوو پێویستە كاربەدەستانی حكومەت بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوڕێكیش لە فەقیر و هەژار بدەنەوە و حاجەت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكەن بە گوێرەی توانا ، وە كەمتەرخەمی نەكەن تیایدا ئەگینا ژیان لە هەموو لایەك تێك دەچێت.
وە بەڕاستی كاربەدەستی عاقڵ و باش ئەوەیە كە هەوڵبدات پارە زۆرەكانی لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك سەرف بكات نەك تەنها هەوڵی لەسەریەك دانانی پارەكانی و فراوانكردنی موڵك و سامانی بێت !!
پێویستە بزانن كە مردن لە ڕێگایانە و ئەو هەموو پارەیەش لەگەڵ خۆیاندا ناتوانن ببەنە ژێرگڵەوە .
كەوابوو با عیبرەت لە سەدام حوسەین و حوسنی موبارەك وەربگرن ئایا پارەكانیان چ سودێكی پێ گەیاندن ؟!
ئایا كەرامەتیان و كەسایەتیانی پاراست ؟!
ئایا سامانە زۆرە دەست بەسەرداگیراوە{مُصادرە}كەیان نەبوو بەخەفەت و سەرشۆری دونیایان ؟!!
وە ئایا هەروەكو لە دونیا بە خەفەت جێیان هێشت لە قیامەتیشدا لێپرسینەوەیان لەسەر ناكرێت كە چۆن پەیدایان كرد بە حەڵاڵا یان بەحەرام وە لە چیشدا سەرفیان كرد؟
كەوابوو پێویستە هەوڵی سەرەكی كاربەدەستان خزمەتكردنی خەڵكی بێت نەك خۆ دەوڵمەندكردن و بەفیڕۆدانی ماڵ و سامانی میللەت! چونكە ئەگەر وانەكەن پەشیمانی دونیا و قیامەتیان لە ڕێیە كە دواجار دادیان نادات، ئەمە وەك ئامۆژگاریەك بۆ كاربەدەستان .
* وە هەروەها پێویستە ڕێَگری بكرێت لە توندڕەوی بە هەموو شێوەكانیەوە، توندڕەوی بێ‌ دینی و توندڕەوی دینیش ، توندڕەوە بێ‌ دینەكان كە لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان بێ‌ ئەدەبی دەكەن بەرامبەر بە ئیسلام ئەوە پێویستە حكومەت ڕێگەیان لێ‌ بگرێت، وە هەر نەبێت با چەندە لەسەر ناموسی خۆیان بە جواب دێن با ئەوەندەش لەسەر خوای خۆیان و پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەجواب بێن !!!!!
* وە هەروەها با ڕێگەش نەدرێت كەسانی توندڕەوی تەكفیری مینبەر و مزگەوتەكانیان بەدەست بێت و چەواشەكاری بكەن ، چونكە توندرەوەكان نەسوود بە دینی خوا دەگەیەنن و نە سوودیش بە وڵات و موسوڵمانان دەگەیەنن، بەڵكو ئەوان هۆی بە هیلاك چونی موسڵمانانن وەك پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی: ((يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِيَّاكُمْ وَالْغُلُوَّ فِي الدِّينِ فَإِنَّمَا أَهْلَكَ مَنْ كَانَ قَبْلَكُمُ الْغُلُوُّ فِي الدِّينِ)) سنن ابن ماجه - (2 / 1008) قال الشيخ الألباني : صحيح
* هەروەها پێویستە زیاتر ڕێگا ئاسان بكرێت بۆ فێربوونی قورئان و تێگەیشتنی، چونكە ئەگەر خەڵكی بەڕاستی لە قورئان بگەن تونڕەو و ئاژاوە گێڕ نابن و چاكەكار دەبن نەك خراپەكار .
* وە پیویستە لە قوتابخانەكان و دام و دەزگا حكومیەكان ڕێگە بە كەسانی توندڕەوی عەلمانی نەدرێت كە كاری كەسانی پاپەند بەدینەوە قورس بكەن و ئیهانە بەدین بكەن، ئەگینا زەرەری ئەم كارە بە سەلبی دەگەڕێتەوە سەر حكومەت و ئەو لێی بەرپرسیار دەبێت .
* وە پێویستە تێكڕای مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و كۆلێژەكانیش ئامۆژگاری دڵسۆزی ئەم میللەتە بن و بەرەو ئەمان و ئیمان و ڕەوشتی بەرز و بەختەوەری بیان بەن, نەك بەرەو بێ‌ ئیمانی و كاول كاری و سەرلێشێواوی.
* وە پێویستە گەلەكەمان بە حكومەت و خەڵكیەوە بیرێكی تەواو و ڕاستەقینە بكەنەوە لە عەلمانیەت و دیموكراسیەت كە بەڕاستی هی ئەوە نین لە شوێنی ئیسلامەكەی خوا دابنرێن .
* وە پێویستە بزانن كە ئەم پشێوی و ململانێیەی كە ئەمڕۆ لە وڵاتانی دیموكراسی و عەلمانیدا دروست بووە هەمووی بەرهەمی تاڵی عەلمانیەت و دیموكراسیەتە, چونكە دیموكراسیەت خۆپیشاندان بە مافێكی گەل دادەنێت و داكۆكی لێ‌ دەكات و نازانێت سەری خۆشیان دەخوات !
* بەڵام لە ئیسلامدا ڕەوا نیە و دروست نیە خۆپیشاندان و شۆڕش كردن دژی كاربەدەستی موسوڵمان و دەرچوون لێی بەڵكو پێویستە ئارام بگرین و هەوڵی چاك بوونی بدەین و دوعای بۆ بكەین نەك ئاژاوە بنێینەوە .
* كەوابوو ئەی كاربەدەستان ئەگەر عەلمانی لادینیتان دەوێت و بە دیموكراسی ڕازین ئەوە دەبێت بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵكیش دژ بە خۆتان ڕازی بن !!
[لایەنی دووەم: میللەت ، وە (ئامۆژگاری و پێشنیار بۆیان) بریتیە لە :]
1 ـ خەڵكی پێویستە لە سەریان پارێزگاری بكەن لەو هێمنی و ئاسایشەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە سوپاس بۆ خوا . كە ئەمەش ئەركی سەرشانی خەڵكیە بە تێكڕایی .
كەوابوو با بە دەستی خۆمان ئەو بارودۆخە هێمنەی كە ڕەخساوە نەیشێوێنین و با ئەو نیعمەتەی خوای گەورە لە دەستمان نەچێت ، چونكە كەسی عاقڵ سوود نابینێت لە تێكچونی بارودۆخی كوردستان، بەڵكو تەنها دوژمنان و دەوروبەر سوودمەند دەبن!!
2 ـ وە پێویستە خۆتان بپارێزن لە ئاژاوەگێڕی و تێكدان و وێرانكاری و كوشتار و خوێن ڕێژی چونكە ئەمە تاوانێكی گەورەیە لای خوای گەورە و زیانێكی ئاشكرایە لە خۆمان بە گشتی.
وە هەر كەسێك ببێتە هۆی ڕژانی خوێنی كەسێك بە ناهەق ئەوە تاوانێكی گەورەی ئەنجام داوە كە شایستەی دۆزەخ و غەزەبی خوایە.
3 ـ وە پێویستە لاسایی وڵاتانی تر نەكەینەوە بە شێوەیەكی وا كە ئەوان چی بكەن ئێمەیش ئەوە بكەین ( *) !!
نەخێر بەڵكو پێویستە كاری چاكە بكەین و لە كاری توندووتیژی و ئاژاوەگێڕی دوور بین ، چونكە موسڵمان ئەبێت بە گوێرەی ئاینەكەی هەڵوێستی هەبێت.
4 ـ وە پێویستە هیچ هەنگاوێك بەناو گۆڕانكاری نەنێن تاوەكو دڵنیا نەبن لەوەی كە هەنگاوەكەتان جێی خۆی دەگرێت و پەشیمانی بەدواوە نابێت و چاكەی لێ‌ دەكەوێتەوە نەك خراپە و خوێنڕێژی و ئاشوب.
وە چاك بزانن كە فیتنە نانەوە و ئاژاوە گێڕی و بارودۆخ تێكدان ئاسانە و بە ژمارەیەكی كەمیش دەكرێت، بەڵام چاكەكاری و كوژاندنەوەی فیتنە ئاسان نیە و زەحمەت دەكرێت و خەڵكانی زۆر و قوربانی زۆر و كاتی زۆری پێویستە، بۆ نموونە ئەو بینایەی كە بە ساڵێك دەكرێت بە ماندوو بونی كەسانێكی زۆر دەتوانرێت لە ماوەیەكی زۆر كەم لە لایەن دووسێ‌ كەسەوە تێك بدرێت چونكە بەردەوام تێكدان ئاسانترە لە دروست كردن!
كەوابوو ئەو كەسە دڵسۆز و خزمەتگوزارە بۆ گەلەكەی كە ئامۆژگاریكار بەزمان و قەڵەمی و چاكەكار بە دەست و بازوی بێت، نەك تەنها ڕەخنەگرێكی ڕوخێنەر بە زمان و نوسین ، وە كاولكار و تێكدەریش بە دەست و بازوی بێت!!
وە هەروەها پێویستە بیر لەوە بكەنەوە كە هەرچەندە وەزع و ئارامی كوردستان تێك بدرێت دوای خوێن ڕیژیەكی زۆر , ئایا دوای ئەوە دڵنیان كە دەتوانن كەسێكی باشتر و دەسەڵاتێكی چاكتر یا بڵێین كەم گەندەڵی تر بە ئاسانی دابنێن ؟!!
وە ئایا خەڵكینە دانانی حكومەتێكی تر و سەركردەیەكی تر بە دەست ئێوە دەبێ‌ یان كەسێكی لاوەكی دادەنرێت و ئێوەش تەنها خوێن ڕێژی و ماڵ وێرانی و تاوان و گوناهباریتان بۆ دەمێنێتەوە؟ !!
وە ئایا كە خەڵكی ڕاپەڕن بۆ تێكدانی ئەم بارودۆخە دواتر یەك دەنگ دەبن لەسەر دانانی كەسێكی تری شیاو؟!!
بێگومان نەخێر چونكە هەر كەسەو هەر كۆمەڵە و هەر حزبە دەیەوێت سەركردە لە خۆیان بێت!! كەوابوو دوای خوێن ڕێژیەكی زۆر بۆ لابردنی سەركردە و حكومەت ئەوجار خوێن ڕێژیەكی تری ململانێی لایەنەكان و حزبەكان دەست پێدەكاتەوە لەسەر دانانی كەسێكی تر و فیتنەكە گەورەتر دەبێت، وە دوای ئەوە هەركەسێكیش دانێن ئەوە لەوانەیە بەزمی جارانمان بۆ بگەڕێتەوە لە گەندەڵی و خۆمانە خۆمانە و ئەنانیەت!
وە خۆ ئەگەر خوێن ڕێژیش ڕوونەدات لە نێوانیان، ئەوە بە هەڵبژاردن حكومەت پێك دەهێنن وەكو یەكەمجار، كەوابوو هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێ‌ جگە لە خوێن ڕێژی و ئاژاوە نەبێت، بەڵكو تەنها چەند دەم و چاوێك لادەچن و چەند دەم وچاوێكی تر دێنە شوێنیان كە خوا دەزانێت ئایا وەكو ئەوان دەبن یان خراپتر یان چاكتر!!!
5 ـ خوشكان و برایانی بەڕێز وریابن و تێگەیشتوو بن خۆتان مەكەنە سوتەمەنی ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی حزبەكان جا چ عەلمانی بن، وە چ ئیسلامی, چونكە تەنها ئێوە تێدەچن، كەچی لە سەرەوەش ئەوان پێك دێنەوە و لەگەڵ یەكتری دادەنیشنەوە و حزبی گەورە قەناعەت بە حزبە بچوكەكان دەكات بە هەندێ‌ لە پارە و كورسی، ئەو كاتە ئەوان دۆست دەردەچن و ئێوەش كوڕ كوژرا و و ماڵ وێران و دەربەدەر كراو و پیاو خراپ!!!
6 ـ وە بە دوری مەزانن كە ئەم فیتنە و ئاژاوەیەی كە لەزۆر وڵاتانی ئیسلامی دەستی پێكردووە دەستێكی دەرەكی و پلانێكی ڕۆژئاوایی لە پشت بێت بۆ تێك دانی ئارامی و سەقامگیری وڵاتانی موسڵمانان لە ڕێگای ئەنتەرنێت (فەیس بووك) و ڕاگەیاندە ئاسمانیەكانەوە خەڵكی هاندەدەن، ئەمەش سیاسەتێكی كۆنی ماسۆنیەتە بۆ دوژمنایەتی دروست كردن لە نێوان موسڵمانان خۆیاندا، وە ئاژاوە نانەوەی ناوخۆ و بەیەكتری لەناوبردنیان و لاواز كردنیان، وە خوا دەزانێت پاشەڕۆژی ئەم پلانەیان چیە و نەخشەكەیان بۆچی داڕشتووە، وە دەبێت دوای لاواز كردن و تێك دانی دەسەڵاتی ئەم حكومەتانە چ پلانێكیان لەژێر سەردا بێت و بەتەمای چی بن؟ !!
وە سوێند بەخوا ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێمە و وڵاتانی تری موسوڵمانانیش نین, بەڵكو دەستمان لەپشت دەدەن تا دەمانگەیەننە هێڵە سورە ترسناكەكە ، وە دوایی وازمان لێ‌ دەهێنن و هاوكاریمان ناكەن ، خۆ ئەگەر ـ بۆ نموونە ـ ڕۆژئاوا ڕاستی كردبایە لەگەڵ كورد ئەوە دەیتوانی بەیەك تاكە بڕیار كەركوك بگەڕێنێتەوە سەر هەرێم ؟!.
بەڵام نەیكردوو ناشیكات چونكە نایەوێت كوردستان دەوڵەمەند و بەهێز و سەربەخۆ بێت، بەڵكو بەرژەوەندی ڕۆژئاوا لەوەدایە گشت وڵاتەكان بكاتە پارچە پارچە و بچوكیان بكاتەوە و دەسەڵاتیان لاواز بێت و كێشەی ناوخۆ هەبێت لە نێوانیاندا، بۆ ئەوەی بەردەوام پێویستیان بەو بێت و ملكەچی ئەو بن، ئەمەش پێی دەوترێت سیاسەتی : (فَرِّقْ تَسُدْ) ، واتە: {پارچە پارچەیان بكە خۆت گەورەیی بە دەست دەهێنیت}.
كەوابوو پێویستە بە فیتووی كەس چەپڵە لێ‌ نەدەین و بە پلانی كەس بەڕێوە نەچین، چونكە دڵسۆزی ڕاستەقینەمان یان هەر نیە وە یان كە بشبێت زۆر كەمە.
وە پێویستە بارودۆخی ناوخۆمان چاك بكەین بە ئامۆژگاری و هاوكاری و نەخشەی حەكیمانە, نەك بە وێرانكاری خۆپیشاندان و خوێن ڕێژی و وڵات كاول كردن.
وە باش بزانن ئەگەر ئەم هەل و بارودۆخە لەخۆمان تێك بدەین ئەوە لایەنی دەرەكی زۆر هەیە كە چاویان لە خێر و بێری وڵاتەكەمانە و ئەیانەوێت بە هەرشێوەیەك بێت ئامانجەكانیان بەرنە سەر و ئەم هەلەی ئاژاوەیی ئێمە بقۆزنەوە ، ئەو كاتە كە لاواز بووین كەس حیسابی هیچمان بۆ ناكات و بەرەو زیانێكی گەورە دەچین !!
==================================
(*) قال عبد الله : « ليوطنن المرء نفسه على أنه إن كفر من في الأرض جميعا لم يكفر، ولا يكونن أحدكم إمعة » ، قيل: وما الإمعة؟ قال: « الذي يجري بكل ريح ويقول : أنا مع الناس إنه لا إسوة في الشر» التاريخ الكبير للبخاري (4 / 175)، والإبانة الكبرى لابن بطة (1/ 33) .