ئامانجەكانی ئیسلام و پێداویستی مانەوەی
بەروار: 2010/12/03سەردارن: 3349نوسەر: پارێزەر . أحمد محمد

ئیسلام ئەو دینە تەواو و پوخت و بێ‌ كەم وكوڕیەیە كە دانەرەكەی خوای دانایە ، بۆیە لەگەڵ هەموو سەردەم و شوێنێكدا هەمیشە گونجاو بووە و نەگونجێنراوە و دەشگونجێت ، وە سەرجەم پەیوەندیەكانی ژیانی لەنێوان لایەنەكاندا ڕێك خستووە ، وەكو پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خۆی ، مرۆڤ لەگەڵ خوای خۆی ،مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ ، مرۆڤ لەگەڵ دار و ئاژەڵ و ... هتد ... واتە : ژیان بریتیە لەچوار گۆشەیەكی پەیوەندیدار كە ئیسلام وێنەی دەكات بۆ ئەو مرۆڤانەی كە بەدوای ژیانی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن ، ئەمەش جیهانگیری و بەردەوامی و نەگۆڕی و بێ نیازی ئیسلام دەگەیەنێت ، لەبەر ئەوەی ئیسلام تەنها بۆ بەشێكی ( لایەنێكی ) ژیان و بۆ شوێنێكی دیاری كراو و بۆ نەتەوەیەكی خاوەن زمان وكلتوری تایبەت و بۆكاتێكی دیاری كراوی ژیان دانەنراوە و ( نەهاتووە ) ، بەڵكو خاوەنی كۆمەڵە ئامانجێكی بێ‌ وێنەیە و هاتووە بۆ بەدیهێنانیان لەهەموو شوێن وسەردەمەكاندا و بۆ هەموو گەل و نەتەوەكان ، ئامانجێلێك گەر كەسێك بەژیریەكی تەواوەوە تێیان بڕوانێت جگە لەملكەچ بوون و گەواهی دان بۆی هیچی تری بۆ هەڵ نابژێررێ‌ ، لەبەر ئەوەی هێنانەدی ئەو ئامانجانەش كەبۆی هاتووە سەرەڕای بەختەوەری مرۆڤەكان و كۆمەڵگاكان و ژیان وجیهان بەگشتی ، مسۆگەركردنی ژیانی دواڕۆژی تاكەكانیشی تێدایە ، ئەو ئامانجانەش ( پاراستنی دین ، پاراستنی ماڵ ( سەروەت و سامان ) ، پاراستنی وەچە و شەرەف و ناموس ، پاراستنی نەفس ، پاراستنی عقل ) كە هەریەكەیان بەچەند ڕێگایەكی دیاریكرا و دێتەدی وا لە خوارەوە بەكورتی لەسەر هەریەكەیان دەدوێین :
1. پاراستنی دین : بۆ ئەوەی خوای حەق بەتەنها بپەرسترێت ، و بەندەكان وەكو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت نەك وەكو ژێر دەستەیەك ؟ هەستاوە بەقەدەغەكردنی بەندایەتی كردنی بەندەكان بۆ یەكتری وەكو ربعی كوڕی عامر دەفەرمێت : (  نحن قوم ابتعثنا الله بالإسلام لنخرج العباد من عبادة العباد إلى عبادة رب العباد ) ، واتە : ئێمە نەتەوەیەكین خوا بەئیسلامەتی ناردووینی بۆ دەرهێنانی بەندەكان لەبەندایەتی كردنی بەندەكان بۆ بەندایەتی كردنی خوای بەندەكان، هەروەها ڕێگەنەدان بەپەرستنی گۆڕ و داواكردن لێی وپەرستنی شتی بێ‌ گیان و مرۆڤ و ئاژەڵ و ... هتد .
2 . پاراستنی ماڵ ( سەروەت و سامان ) : ئیسلام ڕێز لەسەروەت وسامانی خەڵك دەگرێت و مافی خاوەندارێتیان دەپارێزێت بۆیە دەستدرێژی كردنە سەر ماڵی كەسانی تر بەناڕەوا قەدەغەدەكات لەڕێگەی ( حەرام كردنی دزی و داگیركردن و خیانەت وڕیبا و فێڵكردن لەپێوانە و كێشانەدا و بەرتیل و...هتد ) وە هەموو ئەوانە بەخواردنی ماڵی خەڵكی بە ( باطل ) ناودەبات وەكو خوای گەورە دەفەرمێت :[ وَلاَ تَأْكُلُواْ أَمْوَالَكُم بَيْنَكُم بِالْبَاطِلِ ] ( البقرة : 188 ) ، واتە : لەنێوان خۆتاندا ماڵی یەكتر مەخۆن بەناڕەوا .
3 . پاراستنی وەچە ( نسل ) : لەپێناو پاراستنی وەچەی مرۆڤەكان وناسینی باوك لەلایەن منداڵەكەی وبەپێچەوانەشەوە لە چوارچێوەی خێزانێكدا ، وە نەهێشتنی تێكەڵ بوونی وەچەی مرۆڤەكان وجیاكردنەوەی لەژیانی ئاژەڵی ، هەستاوە بەقەدەغەكردنی داوێن پیسی ( زنا ) و تۆمەت هەڵبەستن بەزینا ( قذف ) وهەموو ئەوانەی شەرەف وناموسی مرۆڤەكان لەكەداردەكەن ... هتد .
4 . پاراستنی نەفس : ئیسلام لەپێناو پاراستنی مرۆڤەكان وقەدەغەكردنی دەستدرێژی كردنە سەر ژیانیان هەستاوە بە سزادانی بكوژ و ئەوانەی تاوانی وەكو بڕین و لێدان وڕفاندن و چاو دەرهێنان و گوێ‌ بڕین و ئێسك شكان ودان شكاندن و .... هتد . بەرامبەر بەمرۆڤەكان ئەنجام ئەدەن .
5 . پاراستنی عقل: خوای گەورە وەكو ڕێزێك لە ئادەمیزاد و جیاكردنەوەی لـــە دروستكراوەكانی تر ژیری ( عقل ) ی پێبەخشیوە وەكو دەفەرمێت :[ وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ ] ( الإسراء : 70 ) ، واتە : بەدڵنیاییەوە ڕێزمان لەمرۆڤەكان ناوە ، بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەش خواردنەوە و كێشانی ماددە هۆشبەرەكانی قەدەغەكردووە كە بەهۆیانەوە مرۆڤ توشی لەدەستدانی ژیری دەبێت ، ئەو هۆشبەرانەش وەكو : مەی ( خمر ) بەهەموو جۆرەكانیەوە ـ وە تلیاك بەهەموو جۆرەكانیەوە ) بەوەشەوە ناوەستێت بەڵكو لەڕێگەی قەدەغەكردنی مامەڵە كردن پێیانەوە دەرگا لەسەر كڕیارو فرۆشیار و بازرگانانی دادەخات .
پاش زانین وتێگەیشتنمان لەئیسلام وئەو ئامانجانەی لە پێناویدا هاتووە جێی خۆیەتی لەخۆمان بپرسین ئایا كام یاساو ؟ كام بەرنامەی ژیان ؟ ئامانجەكانی هاووێنەی ئامانجەكانی ئیسلامن ؟ بەدڵنیاییەوە گەر بەئینسافەوە وەڵام بدەینەوە دەڵێین هیچ كامیان شایەنی ئەوەنین بەراووردیان بكەی تەنانەت لەگەڵ یەك ئامانجی ئیسلامدا ، چونكە هەركامێكیان بگری دانراوی مرۆڤ یان چەند مرۆڤێكن كە ئەو مرۆڤانەش لەلایەن دانەری یاسای ئیسلامەوە دروستكراون ، كەواتە لەكۆتاییدا دەتوانین بڵێین پێداویستیەكانی بەردەوام بوونی ژیان بەمانا ویستراوەكەی وبەختەوەری مرۆڤەكان تەنها لەئاینی ئیسلامدا بەدیدەكرێت بۆیە ڕوناكیەكەی بەفوی هیچ كەسێك نەكوژاوەتەوە و ناشكوژێتەوە وەكو خوای گەورە دەفەرمێت :[ يُرِيدُونَ لِيُطْفِؤُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ ] ( الصف : 8 )، واتە : بێباوەڕان دەیانەوێت ڕوناكی ئیسلام بەفوی دەمیان بكوژێننەوە ، بەڵام خوای گەورە ڕووناكیەكەی تەواو وبەردەوام دەكات هەرچەندە بێباوەڕان پێیان ناخۆشبێت .