دڵته‌نگ مه‌به‌
بەروار: 2010/10/06سەردارن: 4364نوسەر: إدريس محمود

دڵته‌نگ مه‌به‌ : خۆت مه‌ده‌ ده‌ست دڵته‌نگیه‌وه‌ ، له‌ ڕێگاى چۆڵى و بێ ئیشیه‌وه‌ ، ویرد بكه‌ ، بێگه‌ردى بۆ خودا بكه‌ ، بخوێنه‌وه‌ ، كار بكه‌ ، سه‌ردانى خزمه‌كانت بكه‌ ، بیر له‌ شتى به‌سوود بكه‌ره‌وه‌ .
دڵته‌نگ مه‌به‌ ، چونكه‌ دڵ ته‌نگى سستت ده‌كات له‌ په‌رستنى خودا،دوات ده‌خات له‌ هه‌وڵ و تێكۆشان ، بێ هیواییت بۆ ده‌هێڵێیته‌وه‌ ، فڕێت ده‌داته‌ ناو شاڵاوى ڕه‌شبین و به‌دبینى یه‌وه‌ .
دڵته‌نگ مه‌به‌ : چونكه‌ ئه‌وه‌ ناگونجێ له‌ گه‌ڵ كه‌سێكدا كه‌ هه‌ڵگر و خاوه‌نى قورئان و یادى خوا و پاڕانه‌وه‌ و نوێژ و ڕۆژو و خێركردن بێت .
دڵته‌نگ مه‌به‌ ، چونكه‌ ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ فه‌رمانى پێدابێت لێبووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت ڕووبدات ، پێنووسه‌كان به‌رزكراونه‌ته‌وه‌ و تیانووسه‌كانیش وشك بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌موو كاره‌كان جێگیر بوون ، كه‌واته‌ په‌ژاره‌ى تۆ نه‌ ڕووداوه‌كان پێش ده‌خات و نه‌ دوایشیان ده‌خات .
دڵته‌نگ مه‌به‌ ، چونكه‌ به‌ ڕاستى نه‌ چاره‌سه‌رى پزیشكه‌كان و نه‌ ده‌رمانى ده‌رمانخانه‌كان سوودیان بۆت نابێت و به‌خته‌وه‌رت ناكه‌ن ، ئه‌گه‌ر تۆ خه‌مت له‌ دڵى خۆتدا چه‌سپاندبێت ، چاوت كردبێ به‌ ڕایه‌خ بۆى ، ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ت خستبێته‌ خزمه‌ت په‌ژاره‌كان و پێستى خۆت كردبێت به‌ بالیف بۆى .
ئه‌گه‌ر دڵته‌نگ بوویت ، زیكر بكه‌ و قورئان بخوێنه‌ چونكه‌ به‌ڕاستى ته‌نها به‌ زیكرى خوا دله‌كان ئارام ده‌گرن و ئاسووده‌ ده‌بن ، چونكه‌ مرۆڤ له‌ ڕۆح و جه‌سته‌ پێكهاتووه‌ ، خۆراكى جه‌سته‌ بریتى یه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ، به‌ڵام خۆراكى ڕۆح بریتى یه‌ له‌ زیكر و عیباده‌ت .
وتراویشه‌ : هه‌ركه‌س هیواى باش به‌ خودا به‌رێ
ده‌یچێنىَ شیرینى لـــــــــــه‌ دڕكى دارێ

بابەتەکانی تر