بۆچی لەقورئاندا هاتووە كە دەبێت پیاو لە ئافرەت بدات ئەوە زوڵم نيە لە ئافرەت؟
بەروار: 2014/10/27سەردارن: 5702

لێدان لە ئافرەت
چۆن وەڵامی ئەو شوبهەیە دەدەنەوە كە كەسێك دەڵێت :
بۆچی لەقورئاندا هاتووە كە دەبێت پیاو لە ئافرەت بدات دەڵێن ئەوە زوڵمە لە ئافرەت
------------------------------
وەڵام
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
پێشەكی گرنگە ئەوە بزانین ئاینی ئیسلام ئاینی خودایە و هیچ كەمو كوڕیەكی تێدا نیە , هەروەها ئەم ڕەخنانە نەزان و دوژمنانی لەم ئاینەی دەگرن لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە خودا نیە وە نازانن باوەڕ بوون بەخودا چ واتایەكی هەیە...
پاشان مەسەلەی بەكارهێنانی لێدانی پەروەردەیی سود بەخش هیچ كەسێكی ژیر نكۆڵی لێناكات تەنها ئەوانە نەبێت كە بۆ دژایەتی ئیسلام دەست بۆ پوشێكیش دەبەن وە ئەم كاركردنە بە(أخف الضررين) زیان لێدانێكی پەروەردەیی كەم باشترە لەسنور دەرچون و لادانی ئافرەت یان تەڵاقدان و جیابونەوەی و بێوەژن خستنی , ئەمەش ئافرەتان زۆر بەباشی لێی تێدەگەن.
هەروەها ئەگەر سەرنج بدەین لە تەشریع كردنی لێداندا لە ئیسلام لەهەركات و شوێنێكدا بێت بۆ بەرژەوەندی كەسی لێدراوە وە دوای ئەوەیش بۆ پاراستنی كۆمەڵگەیە بۆنمونە لێدانی كچ و كوڕی زینا كەر بۆ پاك بونەوەیانە لەو گوناهە ، وە دەبێتە كەفارەت بۆیان بۆئەوەی لەسزای دۆزەخ دوربن وە وانەش بێت بۆیان و جگەلەوانیش دوچاری ئەو هەڵەیە نەبنەوە بەمەش كۆمەڵگا پارێزراو دەبێت .
جا ئەگەر كەسێك یان چەند كەسێك لێبدرێت بەڵام كۆمڵگا ڕزگار بێت ئەمە(ارتكاب أخف الضررین)ە ئەنجام دانی زیانی كەم بۆ ڕێگرتن لە زیانێكی گەورەتر.
لێدانی هاوسەریش بۆ چاككردنەوەی ژیانێتی نەك بۆ بوغزاندن و بەرەو خراپە بوونی وەئەگەر پرسیار لەئافرەتان بكەیت پیاوەكەت لێدانی شەرعی مەرجدار بەكار بهێنێت بەڵام تەڵاقت نەدات یان یان مامەڵەی خراپت لەگەڵ نەكات بەدڵنیاییەوە ئافرەتان تەڵاقیان ناوێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی هۆكاری لێدانەكە بوونی كەمتەرخەمی ئافرەتەكە بێت لەهەبونی ئارەزووی مامەڵەكردن و تێكەڵاوی لەگەڵ پیاوانی نامەحرەمدا یان شكاندنی سنورەكانی حیجاب كە ئەمەیش لە ئاین دا دەبێتە كارەسات و زیانێكی گەورە بۆ خودی ئافرەتەكە ، وە لەكاتێكدا كەئەمەش بەڕاوا دەزانێت نابێت زیادەڕەوی لەلێداندا بكرێت هەروەك چۆن نابێت كەمتەرخەمی لەپاراستن و پەروەردە كردنیدا ببێت ، وە پێویستە ئەوەش بزانین لێدانی هاوسەر لەكاتێكدا دروستە كە هاوسەرەكە لەژێر ڕكێف و گوێڕایەڵی پیاوەكەیدا دەرچوبێت وە بۆ ژیانی هاوسەری بەقسەی نەكات.
جگە لەوە - دەبێت باش بزانین – خودای گەورە لەسەر ژن و مێرد ستەم و زوڵمی لەیەكتر قەدەغە كردووە, وە گومانیش لەوەدانیە كە لێدانی ژن لەلایەن مێردە وە بە بێ پاساوێكی شەرعی قازانج گەیەنەریكی بێ ئەزیەت پێشێلكردنی مافەكانیەتی چونكە مافی ئافرەت لەسەر مێردەكەی ئەوەیە مامەڵە و هاوسەری بەچاكە لەگەڵدا بكات خودای گەورە فەرمویەتی : [وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ](البقرة : 228) واتە: ژنانیش مافیان هەیە بەسەر پیاوانەوە بەوێنەی ئەو مافانەی كە بۆ پیاوانە لەسەر ژنان بە پێی باو و نەریتی پەسەند .
وە فەرمویەتی : [وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ] (النساء : 19) واتە: بەچاك مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن .
هەروەها خوای گەورە هێشتنەوە و تەڵاق نەدانی ژنان بە مەبەستی ئەزیەتدان و شەڕی دەرونی و زیان پێگەیاندن حەرام كردووە وەك فەرمویەتی : [وَلا تُمْسِكُوهُنَّ ضِرَاراً لِتَعْتَدُوا وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ] (البقرة 231) واتە : مەیان هێڵنەوە بە ئێش و ئازارەوە بۆ ئەوەی دەست درێژی و ستەمیان لێ بكەن هەركەس ئەوە بكات ئەوە ستەمی لە خۆی كردووە .
جا ئەگەر ئەم پێشەكییەی باسم كرد جێگیر بوو...
ئەوە پێویستە بزانین كە ئەم لێدانەی لەپێشدا باسمانكرد لە شەرعدا دروستە و سود و قازانجی تیدا یە بۆ ژنان بەتایبەتی و كۆمەڵگەش (الضوابط الشرعیة) , چونكە گوێڕایەڵی كردنی ژن بۆ بۆ مێردەكەی لەپێویستیەكانی هاوسەرێتییە بەبەڵگەی قورئان و سوننەت و یەكدەنگی زانایان,جا ئەگەر ژن لەگوێڕایەڵی مێردەكەی دەرچوو و یاخی بوو بەبێ پاساوی شەرعی ئەوكاتە خودای زانا و كاردروست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە چەند قۆناغێكی داناوە:-
قۆناغی یەكەم: ئامۆژگاری و ڕێپیشاندان بەوەی كە ئامۆژگاری خێزانەكەی بكات كە گوێڕایەڵ بێت ، وە مافی پیاوەكەی بدات بەباسكردنی بەڵگەی قورئان و سوننەت وە بەنەرمو نیانی و لەكەشێكی زانستی و پڕ سۆزدا وە هەندێك جاریش بەهێنانەوەی بەڵگەی ترساندن لەدەرئەنجامی گوێڕایەڵی نەكردن بەپێی شوێن و كات و دۆخەكان,جا ئەگەر سودی نەبوو دەچێتە قۆناغی دووەم كە بریتیە لە دورلێگرتن لە خێزانی لەسەر جێگەو جوت بوون, ئەمەش كاتێك دروستە كە قۆناغی یەكەم سودی نەبێت, ئەمەشیان دەكات بەمەبەستی ئەوەی بۆ هاوسەرەكەی دەری بخات كە لێی ڕازی نیە و پێویستە دیراسەیەكی حاڵی خۆی بكات جائەگەر ئەم دوو قۆناغەیش سودی نەبوو ئەو كاتە
قۆناغی سێیەم بەكار دێنێت كە لێدانە بەمەبەستی ڕاست كردنەوە و ڕێگرتن لەزیانێكی گەورەتر بۆ خێزانەكەی ئەم قۆناغ بەندیەش كەسانی ژیر دەیانكات ئەگەر نەفام و بێ ئارام بێت وەك ئێستادەیبینین بەیەك خراپ لەیەك گەیشتن یان بە توڕە بونێك یان گومانێك ئافرەتان لێدەدرێن یان تەڵاق دەدرێن كە ئەمانەش هیچ پەیوەندی بە ڕێنماییەكانی شەریعەتی ئیسلامەوە نیە.
وەك وتمان مەبەست لە لێدان جڵەو گیری و پەروەردە و پاراستنە وە دەبێت بۆ ئەو قۆناغەش چەندین شت لەبەر چاو بگیرێت :
(1) نابێت لێدانەكە توند بێت شوێنەوار لەسەر جەستەی ئافرەتەكە دروست بكات بەڵكو لێدانێكی پەروەردەیی بێت ئەزیەت پی گەیەنەر نەبێت.
(2) نابێت لە ڕوومەتی بدات .
(3) نابێت دەم و چاو لەبەرامبەریدا بەخراپ بەكاربهێنێت لەژیانی ڕۆژانەدا .
(4) دەبێت لە تەواوی ئەم هەڵسوكەوتانەدا ئەوە ڕابگەیەنێـت كە مەبەست بەم قۆناغانە چاكسازی و گوێڕایەڵی كردنی پیاوە نەك مەبەست دوژمنایەتی یان سوكایەتی و تۆڵە سەندنەوە.
(5) دەبێـت ئەم قۆناغە وازلێبهێنێت ئەگەر ئەوەی مەبەستە بەجێهات .
بەڵگەش لەسەر هەموو ئەمانەی باسكران وتەی خوای زانا و كار دروستە كە دەفەرموێ : [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ وَاللاَّتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً] النساء : 34 .
واتە : پیاوان مافی بەڕێوەبەرێتیان بەسەر ژنانەوە هەیە ، دەتوانن چاودێریان بكەن ، ژنانیش دەبێ بە پێی پلان و نەخشەی ئەوان ڕەفتار بكەن تا لەسنوری شەرعدا بێت ، ئەم بەڕێوەبەرێتیەش بۆیە دراوە بە پیاوان چونكە خودا فەزڵی هەندێكی داون بەسەر هەندێكی تریاندا چونكە جستە و لاشەیان توندو تۆڵتر و بەهێز ترە لە ژنان (لەوانەیە بێ باوەڕان بڵێن : ئەی بۆچی ئافرەتان وا دروست نەكراون وەڵامیش زۆر زۆرە بەڵام بە كورتی لێرە ئەڵێم ئافرەت بەو شێوەیە جوان و تەواوە وەك دروستكراوە ، ئەگەر وا نەبوایە ژیانی هاوسەری دروست نەدەبوو مەگەر كەسانێكی ڕیزپەڕی ئاژەڵ خوو) وە سەڕەڕای ئەوەش پیاوان ئەركی ماڵ ودارایی بەخت كردنیان بۆ بەڕێوەچونی ماڵ لەسەرە دەبێ مارەیی و ئازووقە بدەن بە ژنان ، جا ژنانی ژیر و چاك و پاك ئەوانەن كە ملكەچی فەرمانی مێردەكانیان بن ، وە ئەگەر دوور بن لە مێردەكانیان شەرمی خۆیان دەپارێزن و گزییان لێناكەن بەتایبەت كە مێردەكانیان دیار نەبێت وەك خودا فەرمانی داوە گوێڕایەڵ دەبن ، ئەو ژنانەش كە لەسەرپێچی و ملنەدانیان دەترسن بۆ یەكەمجار ئامۆژگاریان بكەن و لە سنورەكانی خودا بیانترسێنن ، وە بۆ دووەم جار ئەگەر ئامۆژگاری بێ سوود بوو جێگای خەوتنیان بۆ ماوەیەك لێ جیابكەنەوە ، وە بۆ سێیەم جار ئەگەر بەوەش ڕاست نەبوونەوە لێیان بدەن بەڵام لێدانێكی سوك و برینداریان نەكەن و لە دەم و چاویان نەدرێ و ئاسەواری بە جێ بمێنێ ، ئەمانەش لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم سەلمێنراوە وەك لە حەجی ماڵئاوایی دا فەرموویەتی : ((ألا واستوصوا بالنساء خيراً, فإنما هن عوان عندكم, ليس تملكون منهن شيئاً غير ذلك إلا أن يأتين بفاحشةٍ مبينة, فإذا فعلن فاهجروهن في المضاجع, واضربوهن ضرباً غير مُبرح, فإن أطعنكم فلا تبغوا عليهن سبيلاً, ألا إن لكم على نسائكم حقا ولنسائكم عليكم حقا ....)) (حسن: رواه الترمذي وابن ماجة والنسائي) واتە : وەسیەتی چاكبونتان لەگەڵ ئافرەتاندا پێ دەكەم ، وە وەسێتەكەم قەبوڵ بكەن ئەوان تەنها ملكەچی ئێوەن لە بەڕێوەبرندا ، چونكە ئەوان وەكو ئەمانەتێك بە ئێوە دراون پێویستە بیانپارێزن وەك لە (صحیح) ی موسلیمدا هاتوو [فَإِنَّكُمْ أَخَذْتُمُوهُنَّ بِأَمَانِ اللَّهِ] واتە : ئەوان ڕادەستی ئێوە كراون بە پەیمانی خودا جا پێویستە پارێزراو بن وە مافەكانیان بدرێت ، وە بەرژەوەندیەكانی دونیا و دواڕۆژیان بۆ دەستەبەر بكرێت .
كەوابوو پێویستەبە چاكی مامەڵەیان لەگەڵ بكەن مەگەر خراپە بكەن وەك خراپ هاوسەرێتی و گوێڕایەڵی نەكردن و ناپاك بوون ، ئەگەر ئەمانەیان كرد ئەوا جێگەیان لێ جیابكەنەوە ، و لێیان بدەن بەڵام لێدانێك بریندار یان قورس و توند نەبێت ، بەڵام ئەگەر بەقسەیان كردن ئێوەش هیچ ڕێگەیەكی تر مەگرنە بەر بۆ ئازاردانیان و ستەم لێ كردنیان .
باش بزانن ئێوە مافتان بەسەر ژنەكانتانەوە هەیە و ئەوانیش مافیان بەسەرتانەوە هەیە مافی ئێوە بەسەریانەوە ئەوەیە بە بێ پرسی ئێوە كەسانێك لە پیاوان و ژنان نەهێننە ماڵەوە كە ئێوە خۆشتان نەوێن .
ئیمامی خەتتابی دەڵێ : ئەمە ژن و مێردیش وەك یەك وایە ئەگەر ژنانیش حەزیان نەكرد دەبێت پیاوان نەیانهێنە ماڵەوە ، وە مافی ئافرەتانیش ئەوەیە پیاوان چاكەیان لەگەڵدا بكەن لە پۆشین و خواردنیاندا .
لە كۆتایی ئایەتەكەدا خوای گەورە دەفەرموێ : [إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً] واتە : بەڕاستی خودا بەرز و بڵند و گەورەیە
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەر كەسێك دەستدرێژی بكات تۆڵەی لێ دەسێنێت .
ئەوەی ماوە لەكۆتاییدا ئەوەیە بڵێم پێویستە لەپیاوان وژنانیش ڕەچاوی لایەنی سۆز وبەزیی ونەرم ونیانی بكەن وەچاوپۆشی لەیەك بكەن لەكاتی ڕوودانی هەڵەكان وە لە بۆسە و كەمیندا نەبن بۆیەكتر چونكە ژیانی دوای ئاڵۆزبوونی نێوانیان گەورە ترە چونكە چەندین نموونە دەزانین لەسەر ووتەیەك و لێدانێكی كەم ژن لە دادگا شكاتی لە مێردەكەی كردوە و مێردەكەشی وەك تۆڵەیەك تەڵاقی داوە بۆیە پێوێستە هەردوو چاكە خوازبن وەئارامگربن بەرامبەر بەیەكتر خوای گەورە هەموو لەبەندە چاكەكانی خۆی بژمێرێت
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
---------------------------------------------------------------
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە