باوەڕەكەت بپارێزە
بەروار: 2017/01/18سەردارن: 1287نوسەر: إدریس محمود

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله وحده ، والصلاە والسلام علی من لا نبی بعده ، وبعد :
گەورەترین نیعمەت باوەڕە ، لەدەستدانی ئەو باوەڕەش گەورەترین زیانە ، كەسێك كاڵایەكی بە نرخی هەبێت زۆر بە جوانی هەڵی دەگرێت و پارێزگاری لێدەكات و خەمی ئەوەی لە دڵدایە كەسێك هێرشی نەكاتە سەر و ئەو كاڵایەی لێ‌ ببات ، ئەمە خەمی شتێكی دونیاییە كە ئەگەر لەدەستیشت بچێت لەوانەیە دوای ماوەیەك دەستت بكەوێتەوە خۆ ئەگەر هەر دەستیشت نەكەوێتەوە تاوانبار نابیت و زیان بە دواڕۆژت ناگەیەنێت .
ئێمەی موسڵمان لە باوەڕەكەمان بەنرخترمان نیە بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێكمان تاوەكو مردن بۆ پاراستن و زیاد كردن و پتەوكردنی ئەو باوەڕە بێت ، وە بۆ لابردنی ئەو كۆسپ و ڕێگرانە بێت كە ڕێگە لە پتەوبوونی باوەڕەكەمان دەگرن .
موسڵمان دەبێت هەمیشە مەترسی لەوە هەبێت كە ڕۆژێك دابێت باوەڕەكەی لەدەست بدات بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا كە شەڕ و ئاشوب و بەرەڵڵایی تێیدا بڵاوە ، شەڕخواز بە ئاشتیخواز و ئاشتیخوازیش بە تیرۆریست بەرەڵڵا بە پیاوچاك و پیاو چاكیش بە دواكەوتوو لە قەڵەم دەدرێت .
بەڕاستی ئەگەر كەسێك مەترسی لەدەستدانی باوەڕی نەبێت ئەوە كەسێكی باوەڕ لاواز ، و نەزانە ، و لە مەترسیەكی گەورەدایە .... لێرەوە دوو نموونەتان بۆ باس دەكەم دەربارەی ترسی لەدەستدانی باوەڕ لای پێغەمبەران :
1 . پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم زۆر جار ئەم دوعایەی دەكرد : (( يَاْ مُقَلِّبَ الْقُلُوْبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِيْنِكَ )) واتە : ئەی هەڵگێڕەوەی دڵەكان دڵم جێگیر و چەسپاو بكە لەسەر ئاینەكەت .
عائیشە كە گوێی لەم دوعایە بوو پێی فەرموو : ( تَخَاْفُ عَڵی نَفْسِكَ ؟ ) واتە : لە خۆت دەترسیت ؟
پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم فەرمووی : (( يَاْ عَاْئِشَة ، وَمَاْ يُؤْمِنُنِي وَقُلُوبُ الْعِبَاْدِ بَيْنَ أُصْبُعَيْنِ مِنْ أَصَاْبِعِ الرَّحْمَن)) ( السنة لابن أبي عاصم رقم 240 وصححه الألباني ) ، واتە : ئەی عائیشە ، چ شتێك دڵنیام دەكات لە كاتێكدا كە دڵی بەندەكان لە نێوان دوو پەنجەیە لە پەنجەكانی خوای میهرەبان ( چۆنی بوێت وای لێدەكات ) .
كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە خۆی ترسا بێت بەو باوەڕە تۆكمەیەوە كە هەیبووە ئەی من و تۆی باوەڕ لاواز چین كە نەترسین و بێخەم بین !
2 . پێغەمبەر ئیبراهیم ـ عليه السلام ـ لە یەكێك لە دوعاكانیدا ـ كە خوای گەورە لە قورئاندا باسی كردووە ـ فەرموویەتی : [ وَاجْنُبْنِي وَبَنِيَّ أَنْ نَعْبُدَ الْأَصْنَامَ ] ( إبراهيم : 35 ) ، واتە : وە پەروەردگارم خۆم و نەوەكانم بەدوور بگرە لە پەرستنی بتەكان .
سبحان الله ! پێغەمبەر ئیبراهیم ـ عَڵیْهِ السَّڵامُ ـ كە پێشەوای یەكخواپەرستان و شكێنەری بتەكان بووە و وازی لە باوك و گەلەكەی هێناوە لەبەر ئەوەی بتپەرست بوون ، هێشتا دەترسێت لەوەی ڕۆژێك دابێت خۆی و نەوەكانی تووشی بتپەرستی ببن !
بۆیە زانایان فەرموویانە : ( فَمَنْ يَأْمَنُ الْبَلاَءَ بَعْدَ إِبْرَاْهِيْم ؟! ) واتە : كێ‌ هەیە بێترس بێت لە تووش بوون بە بەڵا لە دوای ئیبراهیم ؟!
هۆكارەكانی لەدەستدانی باوەڕ و لاڕێبوون
1 . خوێندنەوەی هەموو بابەتێك
هەموو نوسراوێك دەخوێنمەوە ئەگەر چاك بوو ڕەفتاری پێدەكەم ئەگەر خراپیش بوو بە قسەی ناكەم و جێبەجێ‌ی ناكەم ، بە ڕاستی ئەمە فێڵێكی زۆر گەورەی شەیتانە لەم ڕێگەیەوە زۆرێك لە خەڵكی موسڵمانی سەرلێشێواو كردووە، چونكە زۆربەی خوێنەران ئەوەندە شارەزانین هەموو چاك و خراپێك لێك جیابكەنەوە بەمەش زۆرێك لە خراپەكان بە چاك تێدەگەن و لە ناخیاندا دەچەسپێت .
جا داوا لە خوێنەری بەڕێز دەكەم كاتە كەم و بەنرخەكانی بە خوێندنەوەی بابەتە چاكەكانەوە بەسەرببات كە سوپاس بۆ خوا سبحانە زۆر زۆرن و ئەگەر پێوەی خەریك بیت كاتەكانت تەنها بەشی ئەوە دەكات .
2 . گوێگرتن لە هەموو كەسێك
ئەوەی ڕوونە لای هەموو كەسێك قسەكەران دابەش دەبن بۆ دووبەش : چاك و خراپ ، جا پێویستە پێش ئەوەی گوێ‌ لە كەسێك بگریت بزانیت یان ئەگەر نەتزانی پرسیار بكەیت ئایا ئەو كەسەی دەتەوێت گوێ‌ لە قسەكانی بگریت كەسێكی بیروباوەڕ چاك و بەڕەوشت و ڕێباز دروستە یان كەسێكی لاڕێ‌ و بەدڕەوشتە، كە بۆت ڕوون بوویەوە ئەوسا گوێ‌ لە چاكەكەیان بگرە و خراپەكەیان وەلابنێ‌، ئەگەر وانەكەیت ئەوسا باوەڕەكەت پووك دەكەیت .
3 . سەیركردنی هەموو شتێك
چاو بەرەڵڵاكردن بۆ سەیركردنی هەموو شتێك خۆكوشتنە ، چونكە زۆربەی ئەو شتانەی پیشان دەدرێت خراپن و مرۆڤ بۆ بەدڕەوشتی بانگ دەكەن ، جا تۆ كە حەزت لە ڕەوشت بەرزیە تەنها كاتەكانت كە ژیانی تۆیە بۆ سەیركردنی شتی باش تەرخان بكە كە زۆرن بۆ كەسێك حەزی لێبكات .
كۆتایی
جا با هەریەك لە ئێمە خەمی گەورەی پاراستنی باوەڕەكەی بێت ، خەمێك هاندەربێت بۆ كردەوەی چاكە نەك بۆ نائومێدی و ڕەشبینی .
خەمێك فرمێسك لە چاوەكانمان دابارینێ‌ ، و قورئان خوێندن و یادی خوامان بیر بخاتەوە .
كۆتایی باسەكەم بە دوعایەكی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەهێنم كە فەرموویەتی : (( يَاْ وَلِيَّ الإِسْلاَمِ وَأَهْلِهِ مَسِّكْنِي بِالإِسْلاَمِ حَتَّى أَلْقَاْكَ عَلَيْهِ)) ( الصحيحة : 1833 ) ، واتە : ئەی دۆست و پشتیوانی ئیسلام و موسڵمانان پەیوەستم بكە بە ئیسلامەوە تاكو دەگەم بە دیدارت لەسەری .

والحمد لله رب العالمین ، والصلاة والسلام علی رسول الله الأمین

بابەتەکانی تر