شوبهەكانى شەخس پەرستان و پوچەڵ كردنەوەیان(شوبهەی حەڤدەهەم)
بەروار: 2014/04/25سەردارن: 2655نوسەر: د.عبداللطیف أحمد مصطفی


شوبهەی حەڤدەهەم
دەڵێن: ئیمە دەڵێین: (لا اله الا الله،محمد رسول الله)، وە دەڵێین تەنها خوا پەرستراوو (ئیلاهە). وە پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و فریشەتەكان هیچیان پەرستراو (ئیلاهـ) نین، وە هەموویان بەندەی خوان. بەڵام موشریكەكان ڕازی نەبوون بڵێن: (لا اله الا الله، محمد رسول الله) وە باوەڕیان وابوو لەگەڵ خوا پەرستراوو ئیلاهی تریش هەن و، دەیان پەرستن. وە عیساو عوزەیر و پیاوچاكان و فریشتەكانیان بە پەرستراو (آله) دادەنان.
كەواتە چۆن دەبێت ئێمە وەكو ئەوان بەموشریك حیساب بكرێین، تەنها لەبەرئەوەی هاوار دەكەینە پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و بەوەسیلەیان دادەنێین كە ببنە واسیتەمان و لای خوا شەفاعەتمان بۆ بكەن ؟!
وەڵامی ئەم شوبهەیەش
بە پشتیوانی خوا دەڵێم:
ئیعتیقاد و كردەوە حیسابە، نەك دەعواو قسەی ڕووتی بێ‌ بەڵگە. وە پەروەردگار سەیری ئیعتیقادی ناو دڵ و، عەمەل دەكات، نەك دەعوای بێ‌ بەڵگەو شاهید.
بۆ نموونە مونافیقەكان بە دەم دەیان وت: أشهد أن لا اله الا الله وأشهد أن محمداً رسول الله، بەڵام لە دڵدا ئیعتیقادیان بەوە نەبوو كە تەنها (الله) بپەرسترێت و محمدیش صلى الله عليه وسلم نێرراوی خوا بێت؛ بۆیە پەروەردگار حیسابی ئیعتیقادی ناو دڵی بۆ كردن، نەك دەعوای زمان جا لەبەر ئەوە پەروەردگار فەرمووی مونافقەكان درۆ دەكەن لە شاهیدی دانەكەیان، واتە هەرچەندە قسەكەیان ڕاستە كە دەڵێن (محمد رسول الله)، بەڵام لە دڵدا درۆ دەكەن و باوەڕیان بەم قسەیە نی یەو ناو دڵیش حیسابە بۆیە فەرمووی: [ إذا جاءك المنافقون قالوا: نشهد انّك لَرَسولُ الله، والله يعلم انّك لَرَسولهُ، والله يشهد إنّ المنافقين لكاذبون] المنافقون (1)0 واتە ئەگەر مونافیقەكان هاتنە لات و وتیان شاهیدی دەدەین كە محمد ڕەسولی خوایە، ـ وە خوا دەزانێت كە تۆ ڕەسولی ئەویت ـ بەڵام خواش شاهیدی دەدات كەمونافیقەكان درۆدەكەن !!.
كەواتە پەروەردگار حیسابی ئیعتیقادی درۆی ناو دڵەكانی كرد، نەك قسە ڕاستەكەی دەمیان.
بۆیە بە بڕواداری دانەنان ، هەرچەندە شاهیدیەكەشیان نیشانەی موسڵمان بوونە !!
وە خوای گەورە دەفەرموێت: [ وقالوا لنْ يدخُل الجنّةَ إلا مَنْ كان هُوداً أو نصارى، تلك أمانيُّهُم. قُل هاتوا بُرهانكم إنْ كنتم صادقين، بلى مَنْ أسلمَ وجهَهُ لِله وهو مُحسِنٌ فلهُ أجرهُ عند ربه ولا خوفٌ عليهم ولا هم يحزنون ] البقرة (111، 112).
واتە جولەكەو گاورەكان دەیان وت كەس ناچێتە بەهەشتەوە تەنها ئەو كەسە نەبێت كە جولەكە بێت یان گاور!!
بەڵام ئەوە تەنها گومان و ئاواتی خۆیان بوو بێ‌ بەڵگە ، بۆیە پەروەردگار فەرمانی كرد بە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم : بفەرموو: بەڵگەتان بهێنن لەسەر ئەم دەعوایەتان ئەگەر ڕاست دەكەن چونكە دەعوای بێ‌ بەڵگەو، قسەی بێ‌ ئیعتیقادو عەمەل وەرناگیرێت !!
ئنجا پەروەردگار ڕوونی كردەوە كە كێ‌ دەچێتە بەهەشت، بەبێ‌ ترس و خەفەت:[ من أسلم وجههُ لله وهو محسن ] واتە ئەو كەسەی كە دوو مەرجی تێدا بێت:
یەكەم: تەواو خۆی تەسلیمی خوا كردووە بەدڵ و زمان و لاشە بە ئیعتیقادو قسەو كردەوە تەنها خوا دەپەرستێت و، بەس تەسلیمی ئەو بووەو، ئیعتیقادی بە كەسی تر نی یە لە دڵداو، هاواریش ناكاتە غەیری خوا بە زمان و، زەلیلیش بۆ كەس نانوێنێت بە لاشە.
دووەم: وەهەروەها [ وهو محسن ] واتە: لەگەڵ ئەم تەسلیم بوونە تەواوەی بۆ خوا، عیبادەتەكانیشی بە چاكی دەكات وەك چۆن پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ڕێ‌ی بۆ داناوەو نیشانی داوە.
كەواتە ئەو كەسە دەچێتە بەهەشت بێ‌ غەم و بێ‌ ترس كە:
(1) تەنها خوا بپەرستێت و تەسلیمی ئەو بێت.
(2) وە تەنها شوێن كەوتەی پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم بێت لە خوا پەرستیداو، بە چاكی عیبادەتەكەی بكات .
وە هەركەسێك دەعوای چوونە بەهەشت بكات و، بەم شێوەیە نەبێت كە خوا دەیەوێت (واتە دوو مەرجەكەی تێدا نەبێت) ئەو دەعوایەكەی بێ‌ كەڵكەو قەبوڵ نی یە.
وە ئێمەش ڕوو دەكەینە نەفام و گۆڕپەرستان دەڵێین: ڕاستە بەدەم دەڵێن:( لا إله الا الله محمد رسول الله) بەڵام ئەم دوو ئایەتەتان بەسەردا تەتبیق دەبێت:
1. [هُمْ لِلْكُفْرِ يَوْمَئِذٍ أَقْرَبُ مِنْهُمْ لِلْإِيمَانِ. يَقُولُونَ بِأَفْوَاهِهِمْ مَا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ. وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا يَكْتُمُونَ] (آل عمران: من الآية167)
واتە قسەیەك بەدەم دەڵێن كە لە دڵەكانیاندا ئیعتیقادیان پێی نی یە !!.
وە تەتبیق بوونی ئایەتەكە لەسەرتان لەوەدا دەردەكەوێت كە: واتای لا إله إلا الله كە بریتی یە لە: هیچ پەرستراوێكی حەق نی یە تەنها الله نەبێت. واتاكەی ئەوە دەگەیەنێت كە نابێت مرۆﭪ هیچ جۆرە پەرستنێكی دڵ و زمان و لاشەو ماڵ، بۆغەیری خوا بكات.
بەڵام ئێوە پڕ بەزمانتان هاواریان دەكەنێ‌ و، بەلاشەش زەلیلیان بۆ دەنوێنن و سەریان بۆ شۆڕدەكەن و، بە ماڵیش سەربڕین و قوربانی و نەزریان بۆ دەكەن.
وە لە دڵەكانیشتاندا ئیعتیقادتان وایە كەـ جەناب و حەزرەتی [1] شێخ لە دووریشەوە بێت، یان لە ژێر گڵیش ـ ئاگادارەو، دەسەڵات و توانای هەیەو، سوودو زیانی بەدەستەو، لێی دەترسن و، لە سنووری خۆی زیاتر بە گەورەی دادەنێن و، دڵتان پێوە بەستووەو، ڕەجای خێرو سوودو شەفاعەت كردن و، واسیتە بۆكردنی لێ‌ دەكەن و، پشتی پێ‌ دەبەستن و، خۆشتان دەوێت وەك خۆشویستنی خوا.
وە هەركەسێك غەیری خوا ئەم ئیعتیقادەت پێی بێت و، دڵت ئاوا پێوەی پەیوەست بێت، ئەوە بە ئیلاهت داناوە لە هەقیقەت و واقیعدا. ئەگەر بەزمانیش نەڵێیت ئیلاهـە؛ چونكە ئیلاه ئەوەیە كە: دڵەكان پێوەی بەندن و خۆشیان دەوێت و بەگەورەی دادەنێن و لێی دەترسن و ڕەجاو هیوایان پێیەتی و پشتی پێ‌ دەبەستن.
ئەمەیە مانای ئیلاه لەزمانی عەرەبیدا، جا كە ئەم مانایە هەبوو لەهەر شتێكدا، ئەوە بە ئیلاه دانراوە؛ ناو بنرێت ئیلاه یان نا؛ چونكە ناو ناوەرۆك ناگۆڕێت و، حیسابیش بۆ ناوەرۆكەكەیە نەك بۆ ناو. بۆ نموونە كەسێك عەرەق بخواتەوەو ناوی بنێت خواردنەوەی ڕۆحی، پێی دەڵێین: تۆ عەرەقی حەرامت خواردۆتەوە؛ با ناوەكەشی عەرەق نەبێت !!.
بەهەمان شێوەش هەر یەكێك كە خەڵكی ئیعتیقادیان پێی بێت، وە دڵیان پێوەی بەند بێت بەترس و خۆش ویستن و بەگەورە دانان و، پشت پێ‌بەستن و، ڕەجا لێ‌ كردن؛ ئەوە بەئیلاهیان داناوەو، كراوە بە(مەعبود) و پەرستراوەو، كراوەتە شەریكی خوا، با ناوی ئیلاهیشی لێ‌ نەنێن. یا هەر ناوێكی تریشی لێ‌ بنێن، وە با پێغەمبەریش بێت و پێشی بڵێن: (عَبْدُاللهِ و رَسُوله) واتە: عەبدی خواو نێرراوی خوا؛ چونكە ئیعتیقادو بیروباوەڕی ناو دڵیان حەقی ئیلاهیەتی داوەتێ‌، ئەگەر خۆیشی وا نەزانێت و، بە دەمیش بە ئیلاه ناوی نەنێت.
كەواتە دەركەوت كە شەخس پەرستەكانی ئەمڕۆ پیاوچاكان و مردووی مەرقەدەكانیان كردووە بە (آلهة)، واتە چەند پەرستراوێك لەگەڵ خوا. ئەگەر واش بزانن تەنها الله ئیلاهو پەرستراوەو ناویشیان نەنێن ئیلاه؛ چونكە بیروباوەڕی ناو دڵیان جیاوازە لە قسەی سەردەمیان.
دەبینین حەقی ئیلاهیان داوەتە شێخەكان و پیاوچاكەكان:
* خۆشیان دەوێن بە زەلیلیەوە، وە بە گەورە دەسەڵاتیان دادەنێن و پشتیان پێ‌ دەبەستن.وە لێیان دەترسن و ناوێرن درەختی وشك بووی شكاوی سەر قەبری شێخ دەستكاری بكەن لە ترسی شێخ، دەڵێن توشی زەرەر دەبین !!.
* وە ئیعتیقادیان نەك هەر بە خودی شێخ بێت بە تەنها، بەڵكو بە بەردو دارو پەڕۆی سەر قەبرەكەشی هەیەو، بە پیرۆزی دەزانن و، بە گەورەی دەزانن و، بڕوایان وایە لە نەخۆشی چاكیان دەكاتەوەو، لە بەڵا دەیان پارێزێت و، خێرو بەرەكەتیان تووش دەكات !!.
* وە سوێند بەخوا دەخۆن بە درۆ، بەبێ‌ ترس و شەرم، بەڵام ناوێرن ئاوا سوێند بە سەری شێخ بخۆن!!. شەرم لە شێخ زیاتر دەكەن وەك لەخوا.
* فەرمانی شێخ لە پێشترە لایان لە فەرمانی خوا !!.
كەواتە لە ڕاستیدا بیرباوەڕی دڵتان بە پەرستراوو ئیلاهیان دەزانێ‌، ئەگەر خۆشتان وا نەزانن و بە دەمیش وانەڵێن. وە زانیشمان كە بیروباوەر حیسابە.
وە ئایەتی دووەم كە بەسەرتاندا تەتبیق دەبێت:
2ـ [ لِمَ تقولون مالا تفعلون كَبُرَ مَقْتا عند الله أنْ تقولوا مالا تفعلون ] (الصف: من الآية3).  واتە: بۆچی قسەیەك دەكەن كە بەكردەوە نایكەن و، عەمەلی پێ‌ ناكەن.
ئێمەش بە شەخس پەرستان دەڵێین: بۆچی بە دەم دەڵێن (لا إله الا الله، محمد رسول الله) وە دەڵێن تەنها خوا پەرستراوو ئیلاهـەو، هیچ پەرستراوی تر نی یە، وە دەڵێن ئێمە بەس خوا دەپەرستین. بەڵام كردەوە بە قسەكەتان ناكەن، بەڵكو بە پێچەوانەشەوە پەرستن بۆ غەیری خوا دەكەن، وە بە ئیعتیقادی دڵا و، كردەوەی لاشەو ماڵ و زمانیشتان جۆرەها پەرستن دەكەن بۆ پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و پیاوچاكان و قەبرەكانیان و بۆ شێخەكانتان، بۆ نموونە:
* هاواریان دەكەنێ‌: وە هاواركردن و دوا لێكردن عیبادەتە، وەك لە حەدیسی (صحیح)دا دەفەرموێت: ((الدعاءُ هو العبادة)).
* سەربڕینیان بۆ دەكەن، كە سەر بڕین عیبادەتەو تەنها دەبێت بۆ خوا بكرێت. وەك پەروەردگار دەفەرموێت: [ فَصَلِّ لِرَبّكَ وانْحَرْ ].
* نەزریان بۆ دەكەن، كەنەزریشی عیبادەتە.
* داوای یارمەتیان لێ‌ دەكەن، كە تەنها دەبێت لەخوا بكرێت:
[ إيّاك نَعْبُدُ وإيّاك نَسْتعين].
* تەواف بە دەوری قەبرەكانیاندا دەكەن، كە تەواف وەك نوێژەو تەنها دەبێت بۆ خوا بكرێت لە دەوری (كەعبە) [ ولْيَطَّوفُوا بالبيتِ العتيق ].
* كرنوشیان بۆ دەبەن. وە دەست لەسەر دەست بە پێوە لە سەر سەریان ڕادەوەستن و، پاشەوپاش دەگەڕێنەوە دواوەو، زەلیلیان بۆ دەنوێنن. كە ئەمانەش هەموویان پەرستنن و تەنها دەبێ‌ بۆ خوا بكرێن.
كەواتە: بەكردەوە غەیری خوا دەپەرستن و، كردووتانن بە شەریكی خوا، هەرچەندە بەدەم دەڵێن تەنها خوا دەپەرستین و شەریكی بۆ دانانێین. وە لە وەیە واش نەزانن كە ئەمە شەریك دانانە بۆ خوا، چونكە زۆر نەفام و بێ‌ ئاگان لە قورئان و حەدیس و زمانی عەرەبی!!، بۆیە ئەوەی بەدەم دەیڵێن و دەعوای دەكەن، بە كردەوە هەڵی دەوەشێننەوە !!.
كەواتە چ جیاوازیەكتان هەیە لەگەڵ موشریكەكان لەم ڕوانگەیەوە كە هەردوولاتان غەیری خوا دەپەرستن و شەریك بۆ خوا دادەنێن ؟!.
كە بڵێن ئێمە دەڵێین (لا إله الا الله) و ئەوان دەڵێن [ أجعلَ الآلهة إلهاً واحداً ].
ئێمەش دەڵێین: وەڵاممان دانەوە كە ناوگۆڕین ناوەرۆك ناگۆڕێت و، ئیعتیقادو كردەوە حیسابە نەك دەعوای بێ‌ بەڵگەو شاهید.
بەڵێ‌ جیاوازی هەیە لەنێوانتان لەقسەو دەعوا، بەڵام یەكسان وهاوشێوەن لەكردەوەو بیروباوەڕ. وەك خوای گەورە دەفەرموێت:[كَذَلِكَ قَالَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ مِثْلَ قَوْلِهِمْ تَشَابَهَتْ قُلُوبُهُمْ قَدْ بَيَّنَّا الْآياتِ لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ] (البقرة: من الآية118)
وە هۆی جیاوازی دەعواو قسەتان لەوەدایە كە موشریكەكان عەرەبی ئەسڵ بوون، دەیان زانی ئیلاه یەعنی چی؛ بۆیە بە دەمیان قسەیەكیان نەدەكرد كە پێچەوانەی ئیعتیقادو بیروباوەڕو كردەوەیان بێت. بەڵام ئێوەی نەزانی نەفامی نەشارەزا بە زمانی عەرەبی بە دەم دەڵێن: (لا إله الا الله)، بەڵام نازانن ماناكەی چی یەو، ئەم قسەیە چی دەگرێتەوەو، ئەم قسەیە چ جۆرە ئیعتیقادو بیروباوەڕو كردەوەیەكی پێویستە، بۆیە زۆر بە سادەیی و بە ئـاسانـی بـە كـردەوەو بـیروبـاوەڕ قـسەكەتـان هەڵدەوەشێننەوەو، خۆتان بە درۆ دەهێننەوە !!.
كەواتە: موشریكەكان دەیان زانی كە بڵێن(لا إله الا الله)، ئەوا دەبێ‌ ئیعتیقادیان تەنها بەخوا بێت و، پشت بەو ببەسترێت و، ڕەجا لەو بكرێت و، تەنها هاوار بكرێتە ئەوو، داوای یارمەتی و فریاكەوتن و پەناگرتن تەنها لەو بكرێت و، قوربانی و نەزر تەنها بۆ ئەو بێت و، سوێند تەنها بەو بخورێت و، تەنها ئەو بەگەورە دانرێت. وە غەیری ئەو نابێت ئەمانەی بۆ بكرێت و، نابێت ئەم باوەڕەت پێی بێت؛ جا ئا بەم شێویە تێ‌ گەیشتبوون لە مەبەستی پێغەمبەر بە (لا إله الا الله)، بۆیە ڕازی نەدەبوون دانی پێدا بنێن و، دوور بكەونەوە لەهەموو ئەو شتانەی تر، كە ئیعتیقادیان پێیان بوو.
بەڵام ئێوەی نەفام، نازانن كە وشەی (لا إله الا الله) ئەمانەی پێشوو دەگرێتەوە، بۆیە بەدەم دەیڵێن و بەكردەوەش هەڵی دەوەشێننەوەو، لە دڵیشتاندا بیروباوەڕتان پێی نی یە لە ڕاستیدا؛ بەڵام نەفامن، وە ناشزانن كە نازانن ، وە ناشتانەوێ‌ بزانن!!.
كەواتە دوای وەڵام دانەوەی ئەو شوبهەیەش تێگەیشتین چ كاتێك مرۆڤ بە تەواوی دەبێتە موسڵمانێكی ڕاست .
وە زانیمان كە ئەگەر بەتەواوی وازی نەهێنابێت لە شیرك و بەڕاستیش باوەڕی بە مانای(لا إله إلاّ الله) نەبێت، ئەوە تەنها بە وتنی (لا إله إلاّ الله) نابێت بە موسڵمان بە ڕاستی، وە بەمە وازی لێ‌ ناهێنرێت .
============================
[1] زاراوەی(حەزرەت)، زاراوەیەكی هەڵەیەو، بۆ هیچ كەسێكی مردوو یا(غائب) بەكار ناهێنرێت؛ چونكە غەیری (الله) هیچ یەكێك بەردەوام حازر نی یە لەگەڵمان، بەڵكو هەردەم خوا حازرو زیندووە.