سێیەم : فەرزەکانی دەست نوێژ گرتن (فروض الوضوء)
بەروار: 2020/07/08سەردارن: 3374نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: شوشتنی دەم وچاو
1- حوکمی شوشتنی دەم وچاو:
شوشتنی دەم و چاو فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ، هەر یەک لە: الطحاوي ، والماوردي ، وابن حزم ، وابن عبدالبر ، وابن رشد ، وابن قدامة ، والنووي ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە .

2- سنووری شوشتنی دەم وچاو:
 دەم وچاو: ئەوەندەیه کەڕوو کردن پێی دێتە دی
و بەپانی: نێوان هەردوو گویەکەیه
و بەدرێژی: لەنێوان بنی مووی سەرە بۆ بنەوەی زنج .

3- " العذار " بەشێکە لەدەم وچاو
"العذار" بەشێکە لەدەم وچاو (بریتی یە لەنێوان چاو وگوێ)، و واجبە بشۆردرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان، وڕیوایەتێکیشە لای مالکیەکان ، وابن عبدالبر هەڵی بژاردووە.

4- حوکمی شوشتنی ڕیش:
گەر ڕیش کەم یاخود تەنک بوو وبنی دیار بوو ئەوا واجبە ڕووی دەرەوە وژێرەوەی بشۆردرێت ، خۆ ئەگەر پڕ بوو ئەوا واجبە ڕووی دەرەوەی بشۆردرێت، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە(۱) ، وبۆچوونی عامی زانایانی هاوەڵان وتابعین ـە.

5- حوکمی شوشتنی ئەو بەشەی ڕیش (۲) کەهاتۆتە خوارەوە:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی شوشتنی ئەو بەشەی ڕیش کەشۆڕ بۆتەوە وهاتۆتە خوارەوە ، وچەندان بۆچوونیان هەیه بەڵام بەهێزترینیان دوو بۆچوونە:
بۆچوونی یەکەم: واجبە ئەو بەشەی ڕیش کەشۆڕ بۆتەوە وهاتۆتە خوارەوە بشۆردرێت ،ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعیەکان لەبۆچوونی دروستیاندا ، وەهەروەها مەزهەبی حەنبەلیەکانیشە.

بۆچوونی دووەم: واجب نی یە ئەو بەشەی ڕیش کەشۆڕ بۆتەوە وهاتۆتە خوارەوە بشۆردرێت ،ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆجوونێکیشە لای شافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە.

6- شوشتنی بەشێک لەدەم وچاو:
شوشتنی بەشێک لەدەم وچاو کافی نی یە؛ هەریەک لە: الطحاوي ، وابن عبدالبر ، والنووي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

7- حوکمی ئاو لەدەم ولوت وەردان:
لەدەست نوێژدا واجبە ئاو لەدەم ولوت وەربدرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفه ، وە : هەندێ لەزاهیریەکان ، وابن تيمية ،وابن القيم ، والشوكاني ، وابن باز ، والٲلباني ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.

8- چۆنیەتی ئاو لەدەم ولوت وەردان:
سوننەت لەئاو لەدەم ولوت وەرداندا بەم شێوەیەیە:
یەک مشت ئاو بکرێتە دەم پاشان لوتەوە دواتر مشتێکی تر بەهەمان شێوە ، پاشان سێیەمیش بەهەمان شێوە ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای مالکیەکان ،وە هەریەک لە: المارزي ، وابن رشد ، وابن دقيق ، وابن تيمية ، وابن القيم ،وابن باز ، وابن عثيمين هەڵیان بژاردووە. 

دووەم: شوشتنی دەستەکان تاوەکو ئەنیشک
1- حوکمی شوشتنی دەستەکان تاوەکو ئەنیشک:
شوشتنی دەستەکان تاوەکو ئەنیشک فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ، وە هەریەک لە: الٳمام الشافعي ، والطبري‌ ، وابن المنذر ، والطحاوي ، وابن حزم ، وابن عبدالبر ، وابن رشد ، والنووي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- شوشتنی ئەنیشک لەگەڵ دەستەکاندا:
واجبە ئەنیشک لەگەڵ دەستەکاندا بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

3- شوشتنی دەست وپەنجەی زیادە:
واجبە دەست وپەنجەی زیادە گەر زکماک بوون بشۆردرێن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

4- حوکمی دەست نوێژی کەسێک کەلەژێر نینۆکەکانی دا چڵک هەبێت وڕێگری بکات لەگەشتنی ئاو:
هەبوونی چڵکێکی کەم(۳) لەژێر نینۆکدا ڕێگری ناکات لەدروستێتی دەست نوێژ ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی(٤) ، ومالکی ، وخەنبەلیەکان ، ولەشافعیەکان "الغزالي" هەڵی بژاردووە

سێیەم: مەسحی سەر
1- حوکمی مەسحی سەر:
بەگشتی(5) مەسح کردنی سەر فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ، هەریەک لە: الماوردي ، وابن حزم ، وابن عبدالبر ، وابن قدامة ، والقرطبي ، والنووي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- حوکمی مەسح کردنی هەموو سەر:
واجبە مەسحی هەموو سەر بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی مەشهوری مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە لەبۆچوونی ڕاستیاندا ، وبۆچوونی المزني ـە لەشافعیەکان ، وەهەروەها بۆچوونی هەندێ لەزاهیریەکانە ، وەهەریەک لە: ابن تيمية ، والٲلباني ، وابن باز ، وابن عثیمين هەڵیان بژاردووە.

3-مەسح کردنی ئەو بەشەی پرچ کەدابەزیوە ولەسنووری سەر دەرچووە:
واجب نی یە مەسح کردنی ئەو بەشەی پرچ کەدابەزیوە ولەسنووری سەر دەرچووە ، ونابێت لەبری سەر(6) ئەو بەشە مەسح بکرێت ، جا جیاوازی نی یە لەنێوان ئەوەی کردبێتیە پەلک ولەسەر سەری داینابێت یاخود نا ، ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.

4- ژمارەی مەسح کردن:
یەک جار مەسحی سەر دەکرێت ، ودروست نی یە چەند بارە بکرێتەوە ، ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.

5- شێوازی مەسح کردنی سەر:
لەپێشی سەرەوە دەست دەبرێت تاوەکو لەپشتە ملەوە دەردەچێت ، پاشان دەست دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کەلێوەی دەست پێ کراوە ، ئەمەش دەقی قسەی جمهوری زانایانە لە: ومالکی ، وشافعی (7) ، وحەنبەلیەکان.

6- حوکمی مەسح کردنی گوێیەکان:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی حوکمی مەسحی گوێیەکانەوە ودوو بۆچوونیان(8) هەیە:
بۆچوونی یەکەم:مەسح کردنی گوێیەکان یەکێکە لەسوننەتەکانی دەست نوێژ  ، ئەمەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی لەبۆچوونی دیاریاندا ،ومەزهەبی حەنبەلیەکانیشە.

بۆچوونی دووەم: واجبە مەسحی گوێیەکان بکرێت ؛ ڕووی دەرەوە وناوەوەشی ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکان ، وهەندێ لەمالکیەکان ، واسحاق بن راهویە ، وەهەریەک لە: ابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

7- شێوازی مەسح کردنی گوێیەکان:
لەمەسح کردنی گوێیەکاندا سوننەتە هەردوو پەنجەی شایەتوومان بکرێتە دیوی ناوەوەی گوێیەکانەوە ، وپەنجە کەڵەش بهێندرێت بەدیوی دەرەوەی گوێیەکاندا، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

8- حوکمی مەسح کردنی گوێ وسەر بەیەک ئاو:
سوننەتە مەسحی گوێ وسەر بەیەک ئاو بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وڕیواتێکە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی سەوریە ، ولەکۆمەڵێک لەسەلەفەوە گێڕدراوەتەوە ، وە هەریەک لە: ابن تيمية ، وابن القيم ،والصنعاني ، وابن باز ، والٲلباني ، وابن عثيمين هەڵیان بژاردووە. 

9- مەسح کردن لەسەر عەمامە:
دروستە لەبری سەر مەسح بکرێت لەسەر عەمامە ، ئەمەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە لەبۆچوونی مەشهوریاندا ، وبۆچوونی زاهیریەکان ، وجمهوری هاوەڵان وتابعین ـە ، وە هەریەک لە: ابن تيمية ، وابن القيم ، والصنعاني ، و ان باز ، والٲلباني ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە .

10- حوكمی مەسح کردن لەسەر عەمامەیەک کەشۆڕ نەبووبێتەوە:
لەمەسح کردن لەسەر عەمامەدا مەرج نی یە عەمامەکە شۆڕ بووبێتەوە ولەبنی ملدا بەسترابێت ، بەڵکو دروستە مەسح بکرێت لەسەر ئەو عەمامەیەش کەتەنها لەسەر سەرە وهیچ بەشێکی شۆڕ نەبووەتەوە ، ئەوەش مەزهەبی زاهیریەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان ، و ابن تيمية ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

11- حوكمی لەسەر کردنی عەمامە بەدەست نوێژەوە :
مەرج نی یە عەمامە بەدەست نوێژەوە لەسەر بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی زاهیریەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی هەندێ لەسەلەف ، و ابن تيمية ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

12- ئایا لەمەسح کردن لەسەر عەمامەدا کاتێکی دیاری کراو هەیە؟
نەخێر کات بەمەرج نەگیراوە ، ئەوەش مەزهەبی زاهیریەکانە ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە.

13- مەسح کردن لەسەر خیمار:
زانایان خیلافیان هەیە بەنیسبەت ئافرەتەوە  ئایا دروستە مەسح بکات لەسەر خیمار (9) یاخود نا ، ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دروست نی یە بۆ ئافرەت مەسح بکات لەسەر خیمارەکەی ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە.

بۆچوونی دووەم: دروستە ئافرەت مەسح بکات لەسەر خیمارەکەی ، ئەوەش مەزهەبی زاهیریەکانە ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

14- مەسح کردن لەسەر کلێتە و کڵاو:
دروست نی یە مەسح لەسەر کلێتە و کڵاو(10)ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

چوارەم: شوشتنی پێیەکان:
شوشتنی پێیەکان تاوەکو قولەپێ(11) فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ، هەریەک لە: ابن المنذر ، والماوردي ، والنووي کۆدەنگیان(۳) لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

پێنجەم: بە تەرتیپ شوشتنی ئەندامەکانی دەست نوێژ(12).
بەتەرتیب شوشتنی ئەندامەکانی دەست نوێژ ، فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ،  ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان وحەنبەلیەکانە ، وەهەروەها بۆچوونێکیشە لای مالکیەکان ، ، وەهەریەک لە: الشوکاني ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

شەشەم: "المولات"(13)بەدوای یەکدا شوشتن لە دەست نوێژدا:
1- حوکمی المولات"بەدوای یەکدا شوشتن لە دەست نوێژدا:
"المولات" فەرزێکە لەفەرزەکانی دەست نوێژ ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان لەبۆچوونی مەشهوریاندا (14) ، وەهەروەها مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، والشوکاني ، وابن باز ، وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

2- نێوان تێخستنێکی کەم:
 ماوەی کەم خستنە نێوان شوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژ زیانی نی یە، هەریەک لە: ٲبو حامد ، والمحاملي ، والنووي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

3- پێوەر لە"المولات"دا :
پێوەر لە"المولات"دا ئەوەیە ماوەیەکی ئەوەندە نەکەوێتە نێوان شوشتنی ئەندامەکانی دەست نوێژ کەبێتە هۆی وشک بوونەوەی ئەو ئەندامەی کەشوشتراوە لەگەڵ ئەوانەدا نەشوشتراوە ، ئەمە لەگەڵ ئەوەی زەمانەکە وحاڵی کەسەکە ئاسایی بێت ولەزمان وحاڵەتی تایبەتدا نەبێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

ـــــــــــــــــــــــ
(۱) شافعیەکان ئەم توکانەیان جودا کردووەتەوە : برژانگی چاو ، ومووی پرۆ ، وسمێڵ وقەنافیس ومووی خوار لێوی خوارەوە ، پێیان وایە: ئەمانە واجبە ژێر وبانیان بشۆردرێت ؛ موەکە وپێستەکەشی هەرچەند پڕیش بێت ، ئەوەش لەبەر ئەوەی عادەتەن مووی ئەو جێگایانە کەمن ، کەم جار وایە پڕ بێت ، بۆیە هیچ حوکمێکی لەسەر بونیاد نانرێت ، وبۆچوونێک هەیە دەڵێت: مووی خوار لێو گەر زۆر بوو واجب نی یه بنەوەی وپێستەکەی بشۆردرێت ، وبۆچوونی سێیەمیش هەیە دەڵێت: واجبە گەر تێکەڵی ڕیش نەبووبێت.

(۲) مەبەست لەو بەشەی ڕیش ئەوەیە: کەدرێژە ولەسنووری دەم وچاو دەرچووە .

(۳) ابن تيمية دەڵێت: ( وهاوەشێوەی ئەمە هەموو شتێکی کەم کەڕێگری دەکات لەئاو ، وەک: خوێن ، وهەویر).[الفتاوی الكبری: ٥ / ۳۰۳].

(٤) ئەوەندەی کەئێمە بزانین حەنەفیەکان دەقی بۆچوونێکیان نی یە ، لەسەر جیاوازی کردن لەنێوان کەم وزۆری دا.

(5) خیلاف هەیە لەبارەی دروستێتی مەسح کردنی بەشێک لەسەر.

(6) خۆ ئەگەر لەبری سەر تەنها مەسح لەسەر ئەو بەشە بکات کەدابەزیوە ولەسنووری سەر دەرچووە ئەوا دروست نی یه ومەسحەکەی لەسەر ناکەوێت.

(7) النووي دەڵێت: (هاوەڵانمان دەڵێن: ئەم دەست گێڕانەوەیە لەمەسح کردنی سەردا بۆ کەسێکە کەپرچی هەبێت وپەلکی نەبێت ، بەڵام گەر کەسێک پرچی لەسەر سەری نەبێت وکراپێتە پەلک ئەوا سوننەت نی یه دەست بگێڕێتەوە ؛ چونکە هیچ سودێک لەو گێڕانەوەیەدا نابینێت) . [شرح النووي علی مسلم : ۳ / ۱۲۳].

(8) زانایان کۆدەنگن لەسەر دروستێتی مەسحی گوێیەکان ، هەریەک لە: ابن عبدالبر ، والنووي ئەم کۆدەنگیەیان نەقڵ کردووە ، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین مەسح کردنی گوێ جێگای مەسحی سەر ناگرێتەوە ، ئەمەش کۆدەنگی لەسەرە ، هەروەک المازري نەقڵی کردووە.

(9) ابن عثیمین ئەو کڵاو وکلێتانەی جودا کردووەتەوە کەزەحمەتە داکەندنیان ، وبەدروستی دەزانێت مەسح بکرێت لەسەریان.
(10) قولەپێ : ئەو دوو ئێسکە ڕەقە قوتەیە کەبەپێیەکانەوەیە.

(11)خیلافێک لەبارەی نەشوشتنی پێیەکانەوە نەقڵ کراوە وپێی وایە لەبری شوشتن مەسح دەکرێت بەڵام ئەو خیلافە هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت.

(12) مەبەست لەتەرتیب: بەڕیز شوشتنی ئەندامەکانی دەست نوێژە ، بەو شێوەیەیی کەخودا فەرمانی پێ کردووە ، بەشێوەیەک : دەم وچاو بشۆردرێت ، پاشان دەستەکان تاوەکو ئەنیشک ، پاشان مەسح کردنی سەر ، پاشان شوشتنی پێیەکان.

(13) مەبەست لە" المولات "بەدوای یەکدا شوشتنی ئەندامەکانی دەست نوێژە .

(14) دەڵێن: لەحاڵەتی بوونی عوزردا لادەچێت و نامێنێت.